"ژەنینی پێڵاو"
پەیکەرەکەی بەردەرکی سەرا چی لێهات؟
964+
دیلان محەمەد جەزا
دوای بڵاوبونەوەی دیارنەمانی پەیکەری منداڵێکی بۆیاخچی لەبەردەرکی سەرای شاری سلێمانی، پەیکەرسازەکەی دەڵێت، پەیکەرەکە شێوێندرا بوو بۆیە هەڵمگرتووەتەوە.
ئاسۆس جاف پەیکەرساز بە 964ـی وت، نزیکەی مانگێکە پەیکەری ژەنینی پێڵاوی لەبەردەرکی سەرا هەڵگرتووەتەوە، بەهۆی شێواندنی لەلایەن کەسانێکەوە، تەنانەت سندوقی بۆیاخکردنەکەشی برا بوو.
باسی لەوەکرد، ئێستا سەرقاڵی نۆژەنکردنەوەی پەیکەرەکەیە بە شێوازێکی زۆر باشتر و توند وتۆڵتر لە پێشتر.
ئەوەی خستەڕوو، ئێستا کارەکانی کۆتایی بۆ پەیکەرەکە دەکات و لە چەند رۆژی داهاتودا دادەنرێتەوە لە جێگای خۆی.
پەیکەری ژەنینی پێڵاو لە ساڵی 2018 لە بەردەرکی سەرای شاری سلێمانی دانرا، پەیکەری کچێکی 17 ساڵی ئاوارەی سوریە، کە لەو جێگەیەدا پێڵاوی بۆیاخ دەکرد.
پێداچوونەوە: توانا نەقی