کەی دەکرێتەوە؟

پێداویستیی پزیشکی بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی بەردەڕەش دابین کرا

964+

زەید کۆچەر – دهۆک

ساڵ و نیوێک بەسەر تەواوبوونی بینای نەخۆشخانەی فریاکەوتنی قەزای بەردەڕەشدا تێپەڕیوە، دانیشتووانی قەزاکە ئەمڕۆ سێشەممە دڵخۆش بوون بەوەی دوای ئەو ماوەیە 92 ئامێری پزیشکیی نەخۆشخانەکەیان بۆ دابین کراوە و تەندروستیی بەردەڕەش دەڵێت، سێ مانگی دیکە دەکرێتەوە.

ساڵی 2021 دەست بە دروستکردنی نەخۆشخانەکە کرا و ساڵ و نیوێکە تەواو کراوە، بەڵام داخرابوو و هیچ ئامێرێکی بۆ نەهێندرابوو.

خزر ساڵح خزر، بەڕێوەبەری تەندروستیی بەردەڕەش بە 964ـی وت، “ئەو کەلوپەلانەی ئەمڕۆ زیاتر بۆ هۆڵی نەشتەرگەری بوون، کە ژمارەیان 92 ئامێر بووە، ژمارەیەکی تری ئامێرەکان و تەختی نەخۆشخانەکە ماون بگەن و لە ماوەیەکی نزیکدا دابین دەکرێن و سێ مانگی دیکە نەخۆشخانەکە دەکەوێتەکار”.

کەلوپەلەکانی نەخۆشخانەکە بەهاکەیان ملیارێک و 395 ملیۆن و 965 هەزار دینارە و ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم دابینی کردووە.

ئەفراسیاب موسا، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستیی دهۆک بە 964ـی راگەیاند، 40 کارمەند بۆ نەخۆشخانەکە دامەزرێندراون و ئەوانەن پێشتر لە بنکەکانی تەندروستیی بەردەڕەش بە خۆبەخش کاریان کردووە.

دەشڵێت، بەشەکانی نەخۆشخانەکە بریتین لە بەشی نەشتەرگەری، سۆنەر، تاقیگە، تیشک و چەند بەشێکی دیکە.

964 دەزانێت، ئەمە دەبێتە یەکەمین نەخۆشخانەی فریاکەوتن لە قەزای بەردەڕەش، هاوڵاتیانی سەنتەری قەزا و هەرسێ ناحیەی کەڵەک، دارەتوو، رۆڤیا و گوندەکانی سنوورەکە سوودی لێوەردەگرن.

پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد

کچەکەى بەردەڕەش بەهۆى زۆرى رێژەى سوتانەکەى گیانیلەدەس...

کچەکەى بەردەڕەش بەهۆى زۆرى رێژەى سوتانەکەى گیانیلەدەستدا