5 نمرەیان پێدەدرێت
وەزارەتى پەروەردە لە بەرژەوەندى قوتابیانى پۆلى 12 بریاریدا
964+
وریا فەتاح
وەزارەتى پەروەردە بڕیاریدا بە پێدانى پێنج نمرەى بڕیار بە سەرجەم قوتابیانى پۆلى 12ى ئامادەیى.
بەپێى نوسراوێکى وەزارەتى پەروەردەى حکومەتى هەرێم، کە واژۆى ئالان حەمە سەعید، وەزیرى پەروەردەى لەسەرە تێیدا هاتووە، لەبەر بەرژەوەندى گشتى و رەچاوکردنى دۆخى قوتابیان و خوێندکارانى پۆلى 12ـى ئامادەیى، بڕیارماندا، بە پێدانى پێنج نمرەیى بڕیار بۆ قوتابیان و خوێندکارانى پۆلى 12ـى ئامادەیى بە هەموو بەشەکانییەوە.
لە نوسراوەکەدا هاتووە، پێدانى ئەو پێنج نمرەیە، بەمەبەستى وەرگرتنى مافى بەشداربوونە لە تاقیکردنەوە گشتییەکانى پۆلى 12ـى ئامادەیى.
پێنج نمرەى بڕیار چییە؟
قوتابیانى پۆلى 12 هەشت وانەیان هەیە، ئەگەر قوتابییەک لە سێ وانە بکەوێت و لە پێنج وانە دەربچێت، ئەوا مافى بەشدار بوونى لە تاقیکردنەوە گشتییەکان پێدەدرێت، بەڵام ئەگەر هاتوو قوتابییەک لە چوار وانە کەوتبوو، بەڵام ئەگەر بۆ دەرچوون لە وانەیەک پێویستى بە پێنج نمرە بێت، ئەوا لە رێگەى ئەو پێنج نمرە بڕیارەوە لەو وانەیە دەردەچێنرێت و دەتوانێت بەشدارى تاقیکردنەوە گشتییەکان بکات.