لە سلێمانی یادی شێخی شاعیران کرایەوە

964+
ئاودێر عومەر– سلێمانی

ئەمڕۆ لە سلێمانی ناساندن و پێشکەشکردنی دیوانی “خەمی ناخ”ـی شاعیری دیاری کورد حەسیب قەرەداغی ناسراو بە (شێخی شاعیران) بە سێ توێژینەوەی ئەدەبییەوە بەڕێوەچوو.

رێوڕه‌سمه‌كه‌ له‌ هۆڵی سالم له‌ ته‌لاری سه‌رده‌م به‌ڕێوه‌چوو، كه‌ چەندان کەسایەتی سیاسی، هونەرمەند و کەسایەتییە دیارەکانی سلێمانی ئامادەبوون، ئەرکی چاپكردنی دیوانی “خەمی ناخ” و یادی شاعیر، لەلایەن رێکخراوی کوردستان دیالۆگەوە له‌ ئه‌ستۆگیرابوو، چەندان شیعری شاعیر خوێندرایەوە و دوو گۆرانی کە شیعری حەسیب قەرەداغی بوون، لە لایەن هونەرمەندان دیاری قەرەداغی و بورهان محەمەد، پێشكه‌شكران.

هەرلە رێوڕه‌سمه‌کەدا، خەڵاتی رێزلێنان بەخشرایە 28 کەسایەتی جیاواز لە ئەدیب، هونەرمەند و کەسایەتییە دیارەکانی سلێمانی.

ئازا حەسیب قەرەداغی، كوڕی شاعیر بە 964+ی راگەیاند، بۆ دووەم جارە لە لایەن رێکخراوی کوردستان دیالۆگەوە دوو دیوانی کۆکراوەی شیعرەکانی باوکیان چاپ ده‌كرێت و لە ساڵیادی کۆچیدا دیوانەکەشیان پێشکەش بە خوێنەران کردووه‌.

ئازا، لەسەر ژیاننامەی باوکی دەڵێت “من تەمەنم پێنج ساڵ بووە باوکم دیوە بەهۆی سیاسەتەوە نەفی کراوە بۆ دەرەوەی کوردستان، لە ژیانێکی نەهامەتی و هەژاریدا ژیاوە، یەکەم شیعری باوکم دەگەڕێتەوە بۆ کاتێک قوتابی سەرەتایی بووە شیعرێکی نوسیوە لە قوتابخانەکەیان کراوە بە سروود”.

حەسیب قەرەداغی لە ناوەڕاستی مانگی مایسی 1929 لە گوندی سۆڵە لە قەرەداغ لە دایکبووە، لە ساڵی 1948ـوە تێکەڵاوی سیاسەت بووه‌، شیعرەکانی شیعری عاشقانە و سیاسیین، پێنچ دیوانی شیعری هەیە و دیارترین شیعرەکانی هەڵەبشیمایە، کە سێ رۆژ دوای کیمیابارانەکەی هەڵەبجە نووسیویەتی، لە ئێوارەی 9ـی کانوونی دووەمی  1997 کۆچی دوایی کردووە.