وێنە-سۆشیاڵ میدیا-دڕۆکەیەکی سەربازی عێراق
10 گەنجی کورد دەبنە فڕۆکەوانی سەربازی
توانا نەقی – هەولێر 91 فێرخوازی عێراق، كه 10 كه‌سیان كوردن، به‌شداریی خولێكی هێزه‌كانی ئاسمانی عێراق ده‌كه‌ن و ده‌بن به فڕۆكه‌وان. دوای نزیکەی پێنج ساڵ، بڕیاره سبه‌ی سێشه‌ممه 10ـی کانونی دووەم، خولی هەشتایه‌مینی هێزەکانی ئاسمانی عێراق دەست پێ‌بکات، ئه‌مڕۆش رێوڕه‌سمی ده‌ستپێكردنی خوله‌كه به‌ڕێوه‌چوو.
964+ ده‌زانێت، 91 فێرخواز بەشداریی خولەکە ده‌كه‌ن، لەو ژمارەیەشدا ته‌نیا 10 کەسیان کوردن و دەبنە فڕۆکەوان. سەرچاوه‌یەکی باڵا لە هێزەکانی ئاسمانی عێراق بە 964+ی وت “لە ساڵی 2017ـوە ئەم خولە نەکراوەتەوە، ئه‌مه‌ش بە هۆکاری بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی کۆرۆنا و چەند هۆکارێکی دیکە، بەڵام بە چڕکردنەوەی هەوڵەکانی فەرماندەی هێزەکانی ئاسمانی عێراق، بۆ ئەمساڵ خولەکە کرایەوە. وتیشی “ئەو کەسانەی بەشداری خولەکەیان کردووە 91 کەسن و لەو ژمارەیەدا 10 کەسیان کوردن، ئەو کوردانە لە 2019ـوە هه‌وڵی ئه‌وه‌یان ده‌دا، كه خوله‌كه كرایه‌وه تێیدا بەشداربن، کە هاوڵاتی پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆکن. سەرچاوەکە ئەوەشی روونکردەوە، مەرجەکان بۆ بەشداریکردن لە خولەكه‌دا ئه‌وه‌یه، دەبێت خوێندكاری دەرچووی پۆلی شەشی زانستی بێت و کۆنمرەی 75 کەمتر نەبێت، هەروەها نەشتەرگەری بۆ نەکرابێت و هەموو مەرجە تەندروستییەکانی تێدا بێت. به پێی زانیارییه‌كانی 964+ ماوەی خولەکە دوو ساڵ و نیو دەخایەنێت، دوای ئەوەش دەنێردرێن بۆ خولی زمان و بەشداری خولی دیكه‌ش ده‌بن لە دەرەوەی وڵات‌دا. “له‌مه‌ودوا هەموو ساڵێك خوله‌كه دەکرێتەوە، چونکە پێویستیان بە ئەفسەری زیاتری فڕۆکەوانییە و ژمارەی کوردیش لە 10 کەسەوە بۆ 15 کەس زیاد ده‌كرێت، دوای تەواوبوونی خولەکەش پلەی ملازمی یەکه‌م لە هێزی فڕۆکەوانی عێراق وەردەگرن”، سەرچاوەکەی هێزەکانی ئاسمانی عێراق وادەڵێت. 964+ ده‌زانێت، خولەکە لە شاری ناسرییەی باشووری عێراق به‌ڕێوه‌ده‌چێت و به‌شداربووان ئەمڕۆ بەڕێکەوتن و لە سبەیه‌وه كۆرسه‌كان دەستپێدەکات.