964+
964 بەدواداچوونی وردی کردووە
باران و لافاو چەند پردى رووخاندووە؟
وریا فەتاح
بەپێى سۆراغى 964، بەهۆى ئەو شەپۆلى بارانبارینەى چەند رۆژێکە هەرێمى کوردستانى گرتووەتەوە، هەشت پرد رووخاون و ژمارەیەک پردى دیکەش زیانیان پێگەیشتووە و هاتوچۆى چەند گوندێکیش بە تەواوى وەستاوە.
باران و لافاو بۆ پردەکانى سنوورى قەزاى دوکان و ناحیەى پیرمەگرون نەهات بوو، بە شێوەیەک بەهۆى لافاوەوە سێ پرد لەو سنوورەدا رووخان، کە ئەمانەن:
یەکەم: پردى زەرزى، لە ناوچەى چەمى رێزان ئاوبردى و هاتوچۆى گوندى عەوەڵان و سەیرانگاى چەمى رێزانى بە تەواوى وەستاند.
دووەم: پردى سەر رێگەى گوندى شیلەخان ئاو بردوویەتى و گرفتى هاتوچۆى دروست کردووە.
سێیەم: پردى رێگاى گوندەکانى تەڕەمار و قازان و کانى چنار رووخاو و رێگەى هاتوچۆى ئەو گوندانەى وەستاندووە.
لە بارەى ئەو پردانەوە، سیروان سەرحەد، قایمقامی دوکان بە 964ـى وت،”هەوڵدەدەین لە نزیکترين كاتدا لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیی رێگاوبان و ئاوەدانکردنەوەوە ئەو پردانە چاک بکەینەوە، کە بەهۆی لافاوەکەوە رووخاون”.
پردى گوندى سنکێ لە شارباژێر کە پردى پەڕینەوەى زیاتر لە 40 ماڵى گوندەکەیە، بەشێکى رووخاوە و ئاویش بە تەواوەتى کەوتووەتە سەر پردەکە و ئێستا رێگاى هاتوچۆى گوندەکە وەستاوە و دانیشتووانەکەى ناتوانن لە گوندەکە دەربچن.
لە سنوورى ئیدارەى راپەڕین، هیچ پردێک نەڕووخاوە، بەڵام بە وتەى ئومێد حەمە، بەڕێوەبەرى رێگاوبانى راپەڕین، دوو پرد کە ئارامکۆن، زیانیان بەرکەوتووە”.
یەکەم: رێگاى کاتى گوندەکانى بنارى ئاسۆس بۆ قەڵادزێ کە بەناو زێى بچوکدا تێدەپەڕێت، پردەکەى بە ئارامکۆ دانراوە و رێگاکە ئاو بردوویەتى.
دووەم: پردى ئارامکۆى باراوە، تەنیشتەکانى کەندڕ بووە و مەترسى لەسەر دروستکردووە، بەڵام نەڕووخاوە.
لە سنوورى ماوەت، هیچ پردێکى گەورە زیانى بەرنەکەوتووە، بەڵام بە وتەى کامەران حەسەن، چەند پردێکى لاوەکى لە نێوان گوندەکان زیانیان بەرکەوتووە، بە تایبەت ئەو پردانەى ئارامکۆن، کە ئەمانەن:
ئارامکۆ ئەو پردانەن کە ئاسنیین و بە شێوەی لوولەیی دروستکراون.
یەکەم: پردى دۆڵى سەفرە و زەرون، سێ ئارامکۆى پردەکە ئاو بردوویەتى و رێگاى گوندەکانى وەستاندووە کە شارباژێر بە قەزاى پشدەرەوە دەبەستێتەوە.
دووەم: پردى میراوا، کە پردێکى کۆنکرێتە، زیانێکى زۆرى پێگەیشتووە و لایەکانى کەندڕ بووە و بۆ هاتوچۆکردن مەترسیدارە.
سێەم: چەند پردێکى لاوەکى دیکە لە گوندەکانى چناران و قەڵاتێ، ئاو بردوونى.
خۆسرەت سادق، بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتیی چاککردنەوە و پاراستنی رێگاوبانی سۆران، کە بۆ 964 قسەى کردووە، دەڵێت: سەرەڕاى بوونى بارانێکى زۆر، بەڵام رێگا و پردەکانى سنوورى سۆران سەلامەتن و گرفتى هاتوچۆ دروست نەبووە.
لە پێنجوێن بەشێک لەو پردەى دەکەێتە سەر رێگای مەرزی سەیرانبەن لە نزیک گوندی ماسییەر داڕووخا، بە وتەى ئەمیر سۆفی جەمال، بەڕێوەبەری بەشی پاراستن و چاککردنی رێگاوبانی پێنجوێن کە بۆ 964 قسەى کردووە، لایەکى پردەکە رووخاوە، بەڵام هاتوچۆ نەوەستاوە، ئەمڕۆش ئەو بەشەى رووخاوە چاکى دەکەنەوە.
لە سنوورى گەرمیانیش هیچ پردێک نەڕووخاوە، بە وتەى عەدنان خەلیل، بەڕێوەبەرى رێگاوبانى گەرمیان بۆ 964،”تەنیا پردى رێگاى ناحیەى سەرقەڵا زیانى پێگەیشتووە”.
بۆ سۆراغى پردەکانى سنوورى پارێزگاى دهۆک، 964 لەگەڵ بەرپرسانى رێگاوبانى دهۆک و ئامێدى قسەى کردووە، بەڵام وەک خۆیان ئاماژەیان پێکردووە، هیچ پردێک نەڕووخاوە.