موچەى هەر یەکێکیان 300 هەزارە

کرێکارانی ژینگەپارێز لە چەمچەماڵ مانیان گرت

هۆگر عەدنان- چەمچەماڵ

هاوشێوەى ژینگەپارێزانى قەزاى دوکان، کرێکارانى ژینگەپارێزى کۆمپانیای شکار لە چەمچەماڵ بەهۆی دواکەوتنی موچەکانیان مانیان لە کارکردن راگەیاند.

بە وتەى کرێکارەکان، کە بۆ پەیامنێرى 964 قسەیان کردووە، 48 رۆژە موچەیان وەرنەگرتووە، لە کاتێکدا موچەى هەر یەکێکیان 300 هەزارە.

ئەوان باس لەوە دەکەن، هیلاک و ماندوون، ئەو موچەیەى وەرى دەگرن بەشى بژێوى ژیانیان ناکات، بۆیە ئەگەر لە کاتى خۆیدا نەدرێت، کێشەکانیان گەورەتر دەبن.

964 لە بارەى کێشەکەوە پەیوەندى بە بەرپرسانى کۆمپانیاى شکارەوە کرد و ئەوان ئامادە نەبوون قسە بکەن، تەنیا وتیان،”ئێمەش حکومەت سلفەمان بۆ دابین ناکات”.

964 ویستى بۆچوونى شارەوانیى چەمچەماڵ بزانێت، بەڵام پەیوەندییەکە بەردەست نەبوو.

لاى خۆیەوە رەمک رەمەزان، قایمقامى چەمچەماڵ بە 964ـى وت، “بەهەر شێوەیەک بێت هەوڵ دەدەین سلفەیەکیان بۆ دابین بکەین بۆ ئەوەى کرێکارەکان دەست بە کارکردن بکەنەوە”.

قایمقامى چەمچەماڵ وتیشى، “ئەگەر ژینگەپارێزان لە بایکۆت بەردەوامبن، هەوڵدەدەین لە رێگەى کرێکاران و ئامێرەکانى شارەوانییەوە، زبڵ و خاشاکى ناوشار کۆبکەینەوە”.

964 دەزانێت، کۆمپانیاى شکار 183 کرێکارى ژینگەپارێز و 15 شۆفێرى لە سنوورى چەمچەماڵ و ناحیەکانى (شۆڕش، قەرەهەنجیر، تەکیەى جەبارى و تەکیەى کاکەمەند)هەیە، کە موچەى هەر کرێکارێک 300 هەزارە و شۆفێرەکانیش 400 هەزار وەردەگرن.

ئەوەش لە کاتێکدایە، کرێکارانى هەمان کۆمپانیا لە سنوورى قەزاى دوکان، بەهەمان هۆکار ماوەى هەشت رۆژە مانگرتنیان راگەیاندووە و کار ناکەن.