بەهۆی کەوتنی تاوەری کارەبا

دوو شەوە دۆلی مەلەکان تاریکستانە

964+

ئاکام غەفور – خەلیفان

بەهۆی کەوتنی تاوەرەکانی کارەبا دوو شەوە هەشت گوندی دۆلی مەلەکان بێ کارەبا ماونەتەوە.

لەدوای شەپۆلی باران بارینەکەی دوێنێ شەو کە بووە هۆی کەوتنی پێنج ستونی کارەبا لە دۆلی مەلەکان، هەشت گوند بێ کارەبا ماونەتەوە، کارەبای مۆلیدەشیان نیە، بەڕێوەبەرایەتی کارەبای خەلیفانیش دەڵێت، بەیانی کارەبای ئەو گوندانە چاکدەبێت.

964 دەزانێت ئەو شوێنەی تاوەرەکانی لێ کەوتوە لۆفەکانی زینۆکە پێش گەیشتن بە گوندی بلە، کە بەهۆیەوە گوندەکانی خەندۆر، بلەی خواروو، بلەی سەروو، گۆڕەشێر، تارینی خواروو، تارینی سەروو، کەندۆر و مەلەکان کارەبایان پچڕاوە.

باقی جەبار، بەڕێوەبەری فەرمانگەی کارەبای خەلیفان بە 964ـی وت، “لە دوێنێ شەوەوە بەهۆی بارانبارین پێنج تاوەری کارەبا کەوتون، ئەمڕۆ کارمان تێداکردوە و ستونەکانی کارەبامان دانایەوە، بەڵام بەهۆی بارانبارین نەمانتوانی تەواوی بکەین”.

وتیشی، “بەیانی کێبڵەکانی کارەبا دەبەستینەوە، کارەبای ئەو گوندانە چاک دەکرێتەوە بۆ ئێوارە کارەبایان دەبێت”.

دۆڵی مەلەکان دەکەوێتە سنوری قەزای خەلیفان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، یەکێکە لەو ناوچانەی زستانەکەی سەختە.

پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر

بەهۆی رووخانی پردەکەی رێگای مەرزی سەیرانبەن هاتووچۆی ...

بەهۆی رووخانی پردەکەی رێگای مەرزی سەیرانبەن هاتووچۆی بازرگانی ناوەستێنێت