تیمەکان سەرقاڵی کارکردنن بۆ لابردنی مەترسیەکانی لافاو _ وێنە :964
دوو بەڕێوەبەرایەتی وەڵام دەدەنەوە
زیانەکانی لافاوی دوێنێ شەو لە سلێمانی چی بووە؟
پێشەوا محەمەد
جگە لە زیانگەیاندن بە چەند ماڵێک، لافاوەکەی دوێنێ شەو هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە، ئەوە زانیاریی بەرگری شارستانی و فریاکەوتنی خێرای سلێمانییە بۆ 964.
ئارام عەلی، وتەبێژی بەرگریی شارستانی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، چەند ماڵێک لە گەڕەکەکانی کەنەکەوە و تاسڵوجە ئاو چووبووە ناو ماڵەکانیان و لە کاتی خۆیدا چارەسەر کرا.
وتیشی، “لە بازیان و پیرەمەگرونیش هەمان حاڵەت هەبووە و تەنیا ئاو چووەتە ناو ماڵەکانەوە و هیچ زیانێکی دیکەی نەبووە”.
بەهۆی ئەو شەپۆلە بەهێزەی بارانبارینەوە، کە شەوی رابردوو هەرێمی کوردستانی گرتبووەوە، ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بە رێژەی جیاجیا بەر لافاو و پەنگخواردنەوەی ئاو کەوتن، لە شاری سلێمانی لافاو بۆ ماوەیەک رێگای سەرەکەیی تاسڵوجە – سلێمانیی داخست.
سامان نادر، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، دوێنێ شەو لە سلێمانی هیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدان یان برینداربوون بەهۆی لافاو و بارانبارینەوە تۆمار نەکراوە.