لەگەڵ بەرپرسانی پەروەردە دادەنیشێت

ئەو بەڕێوەبەرەی لە بازیان دوورخرایەوە: تا ئێستا سکاڵام تۆمار نەکردووە

964+

پێشەوا محەمەد

ئەو بەڕێوەبەرەی بە بڕیاری پەروەردەی سلێمانی لە ئەرکەکەی دوورخرایەوە، تا ئێستا سکاڵای تۆمار نەکردووە و دەڵێت، دەستپێشخەری هەیە لەگەڵ بەرپرسانی پەروەردەی سلێمانی دابنیشێت.

ئەو مامۆستایە ناوی سۆران رەسوڵ بابەکرە و بەڕێوەبەری قوتابخانەی رەوای بنەڕەتییە لە قەزای بازیان، کۆتاییەکانی مانگی رابردوو بە فەرمانی پەروەردەی سلێمانی و لە رێگەی پەروەردەی رۆژئاواوە لە کارەکەی دوورخرایەوە.

سۆران رەسوڵ بە 964ـی راگەیاند، تا ئێستا وەڵامێکی فەرمییان لە پەروەردەوە پێ نەوتووە لەسەر چی دوورخراوەتەوە، “بەڵام ئێمە دەزانین لەسەر هەڵوێستەکانمانە، چونکە ئامادە نەبووین سزای مامۆستایان بدەین، کە بایکۆتیان کردبوو و بەردەوامیش پشتگیریمان دەکردن”.

وتیشی، “سکاڵام تۆمار نەکردووە، هیچ داوایەکیشم لە پەروەردە نەکردووە، بەڵام دەستپێشخەرییەک هەیە گوایە هەفتەی داهاتوو لەگەڵ بەرپرسانی پەروەردە دابنیشم و بزانین ئاخۆ چۆن مامەڵەیەکی دیکە لەگەڵ ئەو فەرمانە دەکەن کە دەریان کردووە”.

پەروەردەی گشتیی سلێمانی لە رێگەی 13 پەروەردەوە داوای غیابدانی ئەو مامۆستایانەی کردبوو بەهۆی بایکۆتەوە ناچنەوە قوتابخانەکان، “بەڵام بڕیاری دەرکردن و دوورخستنەوەی بەڕێوەبەر لە سنووری پەروەردەی گشتیی سلێمانی تەنیا بۆ من دەرکراوە و ئەوەش جێگەی هەڵوەستەلەسەرکردنە”.

964 پەیوەندی بە نەژاد عەبدوڵا، جێگری بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی و عومەر محەمەد، یاریدەدەری بەڕێوەبەرەکەوە کرد، بەڵام رەتیان کردەوە لەسەر ئەو کەیسە قسە بکەن.

“من بگەڕێمەوە یان بڕیارەکە جێگیر بێت، زۆر سەربەرز و ئاسوودەم، بەڵام ئەو بڕیارە بچێتە سەر زۆر قوورس لەسەر پەروەردە دەکەوێت و تێڕوانینی خراپ دروست دەبێت، چونکە ئەگەر رێگری لە رای ئازاد و رەخنەگرتن بکرێت، داهاتووی ئەم وڵاتە تووشی مەترسی دەبێتەوە”، ئەوەش قسەی سۆران رەسوڵە.

ئەو بەڕێوەبەرەی لە بازیان دوورخرایەوە قسە بۆ 964 دەکات

ئەو بەڕێوەبەرەی لە بازیان دوورخرایەوە قسە بۆ 964 دەکات