وێنەی بەختیار عەلی و بەرگی دوو کتێبەکەی بە فارسی
"خوێنەرێکی زۆریان هەیە"
رۆمانێک و شانۆنامەیەکی بەختیار عەلی لە ئێران چاپی نوێیان کرایەوە
964+
پێشەوا محەمەد
چاپی فارسیی رۆمانی “داگیرکردنی تاریکی” بەختیار عەلی دوای سێ مانگ لە چاپی یەکەمی لە بازاڕدا نەماوە و چاپی دووەمی بڵاوکراوەتەوە، هەروەها چاپی سێیەمی شانۆنامەی “بۆ دۆزەخ ئەی بێگوناهان”ـیش بڵاوکرایەوە.
هەردوو کتێبەکە لە لایەن وەرگێڕی رێگەپێدراوی بەرهەمەکانی بەختیار عەلی، مەریوان هەڵەبجەییەوە کاری وەرگێڕانیان بۆ سەر زمانی فارسی بۆ کراوە و لە لایەن دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە سالسەوە لە تاران چاپ و بڵاوکراونەتەوە.
مەریوان هەڵەبجەیی، وەرگێڕی بەرهەمەکان بە 964ـی راگەیاند، بەرهەمەکانی بەختیار عەلی لەناو خوێنەرانی فارسی زماندا بە تەواوی ناسراون و هەر کتێبێکی نوێی وەربگێڕدرێت، پێشوازییەکی زۆر لێ دەکرێت.
وتیشی، “لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کۆڕ و کۆبوونەوەی رەخنەییان لەسەر دەبەسترێت و بە سەدان وتار و مەلەفی تایبەتیان لە گۆڤار و رۆژنامە و پێگە ئەلیکترۆنییە بەناوبانگەکان لەسەر دەکرێتەوە و رەخنەگرانی گەورەی ئێران قسە لەبارەی بەرهەمەکانی بەختیار عەلییەوە دەکەن”.
بۆ دۆزەخ ئەی بێگوناهان” باسی چی دەکات؟”
لە شانۆنامەی “بۆ دۆزەخ ئەی بێگوناهان”ـدا، مستەفا رێبەر فەرمانبەرێکی ئاساییە لە کتێبخانەی گشتی، لە کاتێکدا لە دەوامی رۆژانەی خۆی دێتەدەرێ، لە لایەن
دەزگایەکەوە دەگیرێت و دەبرێتە زیندان. تاوانی ئەم فەرمانبەرە بچووکە ئەوەیە هیچ هەستێکی بە گوناهـ نییە، هەستدەکات شێوازی ژیانی جۆرێک بووە دەتوانێت خۆی پاک و بێتاوان ببینێت، بەڵام پرسیارە گەورەکە ئەوەیە: ئایا لە دونیایەکی پڕ لە تاوان و خراپەدا کەس بۆی هەیە باس لە بێگوناهی بکات؟ ئایا هەر مرۆڤە و بە ئەندازەی خۆی بەشێک لە گوناهی ئەم بارودۆخە دژوارەی کۆمەڵگا و جیهان هەڵناگرێت؟
شانۆنانەمەکە لە 18 دیمەندا چیرۆکی مستەفا رێبەر دەگێڕێتەوە، کە بە هەموو رێگایەک دەیەوێت بەرگری لە بێگوناهی خۆی بکات.
رۆمانی داگیرکردنی تاریکی ساڵی 2020 بە زمانی کوردی بڵاوبووەوە، ناوەڕۆکەکەی گەشتێکی درێژە بە مێژووی نوێی تورکیادا و راوەستانە لەسەر رووی تاریک و خوێناوی ئەو مێژووە و شۆڕبوونەوەیە بە رۆحی داگیرکەرەکانی کوردستان و خەون و ترسەکانیاندا.