لە هەولێر

داگیرساندنی مۆم ماڵێکی بەتەواوی سووتاند

964+

فەهمی نەبی

ئەمشەو تیمێکی بەرگری شارستانی عەنکاوە ئاگادار کراونەتەوە، لە شوقەکانی پڕۆژەی هەرشەم ئاگرێک کەوتووەتەوە، تیمێک گەیشتووەتە شوێنەکە و ئاگرەکەیان کۆنترۆڵکردووە، بەڵام زیانێکی زۆر بەر ماڵەکە کەوتووە، دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوتووە ئاگرەکە بەهۆی داگیرساندنی مۆم بووە.

مقەدەم کاروان میراودەلی وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر بە 964ی راگەیاند، ئەمشەو لە نهۆمی چوارەمی شوقەکانی هەرشەم ئاگرێک کەوتەوە، دەرکەوت ماڵەکە بۆنەیەکی خێزانیان هەبووە، مۆمیان داگیرساندووە بەو هۆیەوە ئاگر لەبەشێکی ماڵەکە دروست بووە و دواتر هەموو ماڵەکەی گرتووەتەوە.

ئەوەشی وت، بەهۆی ئاگرەکەوە ژنی ماڵەکە دووچاری تەنگە نەفەسی بووە، بەڵام هەر زوو تیمێکی فریاگوزاری خێرا 122 گەیشتوونەتە شوێنەکە و ئۆکسجینیان بۆ داناوە و رەوشی ئاسایی بووەتەوە.

بەپێی لێکۆڵینەوەکانی بەرگری شارستانی هەولێر، زیانێکی زۆر بەر ماڵی ئەو هاوڵاتییە کەوتووە، بەڵام زیانی گیانی نەبووە.

پڕۆژەکانی نیشتەجێبوونی هەرشەم دەکەونە باکوری رۆژئاوای شاری هەولێر لەنێوان عەنکاوە و بەحرکەیە.