بە چیرۆک بەرەنگاری شێرپەنجە دەبێتەوە

وا ساڵێکە مامۆستایەک هەموو سێشەممەیەک دەچێتە نانەکەلی


رێباز خدر – هەولێر

ئاوات خالید، مامۆستایەکی تەمەن 41 ساڵە، دانیشتووی هەولێرە و پیشەی مامۆستایە، ماوەی 17 ساڵە مامۆستایە لەقوتابخانەیەکی حکومی، زیاتر لە ساڵێکە بەخۆبەخشی لەنەخۆشخانەی نانەکەلی چیرۆک و وانە بە منداڵانی تووشبوی شێرپەنجە دەڵێتەوە.

ئەو چیرۆکەکانی خۆیان وەردەگێڕێتە سەر زمانێکی سادە و بۆیان باسدەکات، تا بەسەر نەخۆشییەکەدا زاڵ ببن.

ئاوات خالید، باس لەوە دەکات و دەڵێت، لە خێزانەکەماندا دوو کەس بە نەخۆشی شێرپەنجە مردن، هەر ئەوەش وایکرد کە من بڕیار بدەم بە خۆبەخشانە ئەم کارە بکەم، دەشڵێت، من ئاشقی منداڵم وەک ئەوەیە کە خودا منی دروست کردبێت بۆ ئەوەی خەندە بخەمە سەر لێوی منداڵەکان و کەس وکاریان و وە هێز لەئەوانەوە وەردەگرم و ئەوانیش لە من.

مامۆستا ئاوات، جگە لەوەی مامۆستایە خاوەنی کتێبێکە بە ناوی’فریشتە باران’، کە باس لەو ترس و دڵەڕاوکێیانە دەکات کەمنداڵەکان توشیان دەن.

ئەوەی لە کتێبەکەدا نوسیوویەتی، بە شێوەی چیرۆک بۆ منداڵەکانی دەخوێنێتەوە تاوەکو منداڵانی تووشبوو لەو ترس و دڵەڕاوکێیە رزگاریان بێت و ببێتە پاڵنەرێکی بەهێز و متمانە بەخۆبوونیان بنیاد بنێن، تا ئەوەی زاڵ بن بەسەر شێرپەنجەدا.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا