شۆفێرێکی ماتۆڕسکیل داواکاریی دەگەیەنێت _ وێنە: ئاژانسەکان.
دەڵێن "موچەمان کەمە"
شۆفێرانی دێلیڤەری بەریتانیا لە ڤاڵانتاین مانیان گرتووە
964+
ئەحمەد مستەفا
بەشێک لە عاشقان و خێزانەکانی بەریتانیا، ئێوارەی ئەمڕۆیان باش نابێت ئەگەر بە ئۆنڵاین داوای دیاری و خواردنیان کردبێ، شۆفێری ماتۆڕسکیلەکان پێنج کاتژمێر مان دەگرن و داواکارییەکان ناگەیەنن.
رۆژی خۆشەویستییە لە جیهان، دەیان داواکاری گوڵ، دیاری و خواردن بە رێگەی ئۆنڵاین لە شارە جیاوازەکانی بەریتانیا بۆ ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 14.2.2024 داواکراون، بەڵام هەواڵی مانگرتنی شۆفێرەکان بەهۆی کەمی موچە و مامەڵەی کارەوە، شۆکێک دەبێت بۆ ئەوان.
پێشبینی دەکرێت، نزیکەی سێ هەزار شۆفێر لە بەریتانیا بەشداری لە مانگرتنەکاندا بکەن، کە لە نێوان کاتژمێر 5:00 بۆ 10:00ی شەو بە کاتی بەریتانیا بەڕێوەدەچی، زیاتر شۆفێرانی ماتۆڕسکیلی چوار “ئەپی گەیاندنی خواردن و دیاری” نیگەرانیان دەربڕیوە و مانگرتنەکە بەڕێوە دەبەن.
ئەو شۆفێری ماتۆڕسکیلانە لە بڵاوکراوەیەکدا نوسیویانە، “داواکارییەکەمان سادەیە، ئێمە قەرەبوویەکی دادپەروەرانەمان دەوێت بۆ ئەو کارانەی ئەنجامی دەدەین، بێزار بووین لە ئیستغلالکردن و مەترسی خستنەسەر ژیانمان، کاتی ئەوە هاتووە دەنگمان ببیسترێت و موچەمان بۆ زیادبکرێ”، تائێستا روون نییە کۆمپانیاکانی گەیاندن چۆن دەیان داواکاری گەیاندن جێبەجێ دەکەن و تەنیا وتویانە، “دەکرێ پێداچوونەوە بەرێکارەکانی گەیاندن بکەن”.
کۆمپانیای Delivery Job UK، بانگەشەی ئەوەی کردووە، کە شۆفێرەکان ئازایانە لە کەشی سارد و باراناویدا ئەرکی گەیاندن جێبەجێ دەکەن، و بەهایەکی گاڵتەجارانەیان پێ دەدرێ، کە بۆ هەر گەیاندنێک لە نێوان دوو پاوەند و 80 سەنت بۆ سێ پاوەند و 15 سەنت دایە، ئەمەش بەگوێرەی راپۆرتێکی BBC.
مانگرتووەکان لە بڵاوکراوەکەدا دەڵێن، دەیانەوێت نرخی هەر دەرچوونێک زیاد بکرێت بۆ لانی کەم پێنج پاوەند، ئەم گرفتە ئەمریکاشی گرتووەتەوە، بڕیارە رۆژی چوارشەممەش بەشێک لە شۆفێرانی ئەمریکی کە کاری گەیاندن دەکەن، بۆ ماوەی دوو کاتژمێر کارەکانیان رابگرن، ئەوەش بەپێی زانیارییەکانی Justice for App Workers کە نوێنەرایەتی نزیکەی 130 هەزار شۆفێری ئەپەکان دەکات.
لەگەڵ رۆژی خۆشەویستی سوپرایزی هەیە