شەقامێکی سەرەکی ناوەندی قەزای دوکان. وێنە :964
لە قەزای دوکان
کۆمپانیایەک لەبری حکومەت چاڵ و چۆڵی شەقامێک پڕ دەکاتەوە
964+
بەرزان عوسمان – دوکان
ماوەیەکی زۆر بوو شۆفێرانی قەزای دوکان گرفتاری دەستی تێکچوونی شەقامێکی سەرەکی ئەو قەزایە بوون، دوای ئەوەی شارەوانی و قایمقامیەتی دوکان بێ ئومێد بوون لە چاککردنی، کۆمپانیایەک ئەو ئەرکەی لە ئەستۆ گرت و لەبری حکومەت شەقامەکەی چاککردەوە.
شەقامە پڕ لە چاڵ و چۆڵەکەی قەزای دوکان نزیکەی کیلۆمەترێک دەبوو، کەوتووەتە گەڕەکی فەرمانبەرانی قەزاکە هاتوچۆی ئۆتۆمبێلی چەند پارێزگاو ئیدارەی سەربەخۆی بەسەرەوە بوو.
میران ئەحمەد، بەڕێوەبەری (کۆمپانیای شارستێن)ە، کە ئەرکی چاککردنەوەی شەقامەکەی لە ئەستۆگرتووە، بە 964یی راگەیاند،”هەستمان کرد چاککردنی ئەو رێگایە بایەخێکی زۆری بۆ هەموو خەڵکی ناوچەکە هەیە، بڕیاردرا لەسەر ئەرکی کۆمپانیا شەقامەکە چاکبکرێتەوە و تێچووی چاککردنەوەکەی دوو ملیۆن دینار بوو”.
سیروان سەرحەد، قایمقامی قەزای دوکان بۆ 964 وتی ، “چەندینجار لەگەڵ شارەوانی دوکان نوسراومان ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی رێگاوبان و ئاوەدانکردنەوەی سلێمانی کردووە بۆ چاکردنەوەی شەقامەکە، بەڵام بەهۆی نەبوونی بودجە نەتواندراوە جێبەجێ بکرێت”.
بەوتەی قایمقامی دوکان، هۆکاری تێکچوونی شەقامەکە، هاتوچۆی ئەو هەموو بارهەڵگرەیە کە رۆژانە بەو شەقامە هاتوچۆ دەکەن.
سیروان سەرحەد دەڵێت: دەرخستەیەکی بۆ ئامادەکەین هەر کە وەرزی زستان کۆتایی هات، بەشێوەیەکی بنەڕەتی شەقامەکە چارەسەر دەکەین.
قەزای دوکان سەربە پارێزگای سلێمانیە و لە پێنج ناحیە پێکدێت و ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی 84 هەزارکەس دەبێت.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی