بۆ کارگەکانی بەرهەمهێنانی چپسە

40 تۆن پەتاتەی پیشەسازی بەسەر جوتیارانی هەڵەبجە دابەشکرا

964+

محەمەد عومەر – هەڵەبجە

10 جوتیاری پارێزگای هەڵەبجە ماوەی سێ ساڵە لەلایەن رێکخراوی خۆراکی جیهانی (WFP) لەکاتی جیاواز خولی راهێنانیان پێدەکرێت، ئەمڕۆ 40 تۆن پەتاتەیان بەسەردابەشکرا.

ستار مەحمود بەرێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە بە 964ی وت، ئەو پەتاتەیەی دابەشکراوە وەک دیارییەک بووە لەلایەن رێکخراوی (WFP) هەر جوتیارێک چوار تۆن و 160 کیلۆ پەتاتەی پێدراوە.

ئەوەشی وت، نرخی هەر تۆنێک لەو پەتاتە پیشەسازیەی بە جوتیارەکان دراوە لە بازاڕ تا هەزار و 800 دۆلار دەڕوات، ئەگەر ئەو جوتیارانە لەبازاڕ بیانکڕیایە نرخێکی زۆر لەسەریان دەکەوت.

ماوەی سێ ساڵە لە کاتی جیاواز رێکخراوی خۆراکی جیهانی راهێنانی بەو جوتیارانە کردووە، شێوازەکانی چاندنی پەتاتە و چۆنیەتی هەڵگرتنەوەی بەشێک بووە لەو راهێنانانەی وەریانگرتووە.

پەتاتەی پیشەسازی بەو جۆری پەتاتەیە دەوترێت کە تایبەتە بە کارگەکانی بەرهەمهێنانی چپس.

بەپێی ئامارێکی وەزارەتی کشتوکاڵ 11 کارگەی بەرهەمهێنانی چپس و فینگەر هەن، ئەو کارگانە ساڵانە پێویستیان بە زیاتر لە 250 هەزار تۆن پەتاتە هەیە و بەشی زۆری پەتاتەکە هی ناوخۆیە.

لە پارێزگای هەڵەبجە ساڵانە 300 دۆنم زەوی بە پەتاتە دەچێندرێت.

ساڵی پار هەرێمی کوردستان 600 هەزار تۆن پەتاتەی هەبووە، پێویستی ناوخۆ نزیکەی 130 هەزار تۆنە بۆ خواردن، ئەوەی دیکەی بەشێکی دراوە بە کارگەکانی چپس و فینگەر و بەشێکیشی نێردراوە بۆ دەرەوە.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی

هەرێم لە چپس و فینگەردا پێویستی بە دەرەوە نەماوە

هەرێم لە چپس و فینگەردا پێویستی بە دەرەوە نەماوە