بە تۆمەتی "فساد فی الارض" سزاداوە
مامۆستایەکی ئاینی لە بۆکان سزای لە سێدارەدانی بۆ دەرچووە
964+
فەهمی نەبی
رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، لە زیندانی بۆکان سزای لە سێدارەدان بۆ مامۆستای ئاینی محەمەد خزر نەژاد دەرچوو.
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە رێکخراوی هەنگاو رایگەیاند، هۆکاری سزای ئەو مامۆستا ئاینیە بەهۆی ئەو رەخنانە بووە کە لەسەروەختی “شۆڕشی ژن ژیان ئازادی” لە حکومەتی ئێران گرتوویەتی، دادگای شاری بۆکان ئەو مامۆستایەی بە تۆمەتی “فساد فی الارض” سزاداوە.
ئەرسەلان یار ئەحمەدی سەرۆکی رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بە 964ی وت، “ئەگەرچی نزیکەی مانگێکە ئەو بڕیارە دەرچووە، بەڵام لەسەر داواکاری خێزانی ئەو مامۆستا ئاینیە بڵاومان نەکردوەتەوە، بەڵام دوای بێ ئەنجامی هەوڵەکانی خانەوادەی ئەو مامۆستا ئاینیە، بڕیاردرا رابگەیەنرێت”.
بەوتەی ئەرسەلان یار ئەحمەدی، شەوی 19.11.2023 هێزێکی ئەمنی حکومەتی ئێران هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەو مامۆستا ئاینیە و خۆی و کوڕێکیان دەستگیرکردووە، بەڵام دواتر کوڕەکەی ئازادکراوە.
رێکخراوی هەنگاو هۆکاری دەستگیرکردنی ئەو مامۆستا ئاینەی گەڕاندوەتەوە بۆ ئەو وتارەی مامۆستا محەمەد خزر نەژاد لەکاتی رێوڕەسمی پرسەی ئەسعەد رەحیمی لە مزگەوتی ئیفتیخاری بۆکان پێشکەشی کردووە، لە وتارەکە رەخنەی توندی لە حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران گرتووە.
ساڵی پار مامۆستایەکی ئاینی بەناوی مەلا فەرهاد سەلیمی لە زیندانی شاری سەقز دوای 14 ساڵ مانەوە لە زیندان لە سێدارەدرا، سزای لە سێدارەدانی مامۆستا محەمەد خزر نەژاد دەبێتە دووەم سزای مامۆستای ئاینی لەم دوو ساڵە.