هەرچى دەتەوێت لەوێ دەستت دەکەوێت
لە رۆژانى هەینی بازاڕى سورچیان بەرناکەوێت
ئەحمەد شەمزینى- هەولێر
رۆژانى هەینى بۆ بازاڕى سورچیان جیاوازترە لە رۆژانى تر، چونکە جمەى دێت لەو کڕیارانەى کەلوپەلى ناوماڵیان پێویستە و بە نرخێکى هەرزان ئەوەى پێویستیانە دەیکڕن و ناوماڵى پێ دادەنێن.
یەکێک لە فرۆشیاران کە ماوەى 18 ساڵە لە بازاڕەکە کڕین و فرۆشتنى کەلوپەلى دەستى دوو دەکات، قسەى بۆ 964 کردووە و دەڵێت: جیاوازى بازاڕەکە ئەوەیە لێرە هەر شتێکت پێویست بێت بە نرخێکى هەرزان دەستت دەکەوێت.
بە وتەى ئەو فرۆشیارە، لە جیاتى ئەوەى پێنج هەزار دۆلار بۆ کڕینى ناو ماڵ خەرج بکەیت، لە بازاڕى سورچیان بە یەک ملیۆن و 500 هەزار دینار، ناوماڵى پێ دادەنێى.
تەنها کەسانى هەژار و کەم دەرامەت سەردانى بازاڕەکە ناکەن، بە وتەى فرۆشیاران، چونکە لە بازاڕەکە کەلوپەلى دەگمەن و نایابى لێ دەست دەکەوێت، خەڵکانى دەوڵەمەندیش سەردانى بازاڕەکە دەکەن و پێویستییەکانیان دەکڕن.
پێداچوونەوە- وریا فەتاح