دیمەنێک لە چیای گۆیژەی سلێمانی _ وێنە: 964
نانەوتییە
داهاتی هەفتەی رابردووی سلێمانی زیاتر لە 9 ملیار دینارە
توانا نەقی
بەپێی ئامارەکانی ماڵپەڕی شافافییەت، داهاتی هەفتەی رابردووی پارێزگای سلێمانی، کە هاوکات پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕینیشی لەگەڵدایە زیاتر لە 9 ملیار دینار بووە.
ماڵپەڕی شەفافییەت تایبەتە بە ئاشکراکردنی داهاتە نانەوتییەکانی هەریەکە لە پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین.
بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕەکە لە 3.2.2024 تا 9.2.2024 کۆی داهاتی کۆکراوەی نانەوتی ئەو ناوچانە 9 ملیار و 132 ملیۆن و 315 هەزار و 781 دینار بووە.
لەو بڕەش بە نەختینە 6 ملیار و 850 ملیۆن و 392 هەزار و 45 دینارە، بە چەک 1 ملیار و 628 ملیۆن و 524 هەزار و 426 دینار بووە و بە مەقاسەش 653 ملیۆن و 398 هەزار و 990 دینار بووە.
داهاتی ساڵی رابردووی سلێمانی بە پێی ماڵپەڕەکە، کە لە گەنجینەی یەک، گەنجینەی دووی سلێمانی، گەنجینەی چەمچەماڵ، گەنجینەی گەرمیان، گەنجینەی هەڵەبجە و گەنجینەی راپەڕین كۆكراونەتەوە بریتییە لە یەک ترلیۆن و 173 ملیار و 618 ملیۆن و 353 هەزار و 315 دینار كە بە شێوەی نەختینە و چەك و مقاسەیە.
ماڵپەڕی شەفافییەت ساڵی 2022 دەستی بە پەخش کرد، بە شێوەیەکی رۆژانە، هەفتانە، مانگانە و ساڵانە داهاتەکانی چوار سنووری ئیداری بڵاودەکاتەوە.