بەردی بناغە بۆ دروستکردن و نوژەنکردنەوەی چەند شوێنێک دانرا لە زاخۆ. وێنە :964
پڕۆژەیان بۆ ئەنجامدرا
کریستیان و ئێزدییەکانی زاخۆ دڵخۆش کران
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
بەردی بناغەی ژمارەیەک پڕۆژە لە کۆمەڵگای دێرەبوونی زێدی کریستیان و ئێزدی نشینەکان جێبەجێکران و دەڵێن، بەو پڕۆژانە دووبارە ژیان لە ناوچەکەیاندا دەستپێدەکاتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 8.2.2024 بەردی بناغە بۆ پڕۆژەکانی کەنیسەی مارگۆرگیس، هۆڵی لالش، کانی دێرەبوون، زاڵگەی زاخۆ داندرا.
ئەمین ئەیسەر شەمعون، کەسایەتی دیاری کریستیانەکان بە 964ـی وت، “ئێمە زیاتر لە 40 خێزانی کریستیان و نزیکەی 100 خێزانی ئێزدی لەم کۆمەڵگایە دەژین، پێشتر لەبەر نەبوونی خزمەتگوزاری لەم ناوچەیە زۆربەی خێزانەکان روو لە زاخۆ و هەندێکیان بەرەو وڵاتانی ئەوروپا رویشتن”.
مێژووی کەنیسەی مارگۆرگیس بۆ بەر لە 200 ساڵ دەگەڕێتەوە و جگە لە شوێنێکی ئایینی، وەکو شوێنەوارێکی مێژوویی و گەشتیاریش دەبێت، کانی دێرەبوونیش لە هاوینان ئاوەکەی زۆر ساردە و لە زستانیشدا گەرم، ئێستاش ئێزدییەکان مەراسیمی ئایینی خۆیان لەسەر کانی دێرەبوون ئەنجامدەدەن، هۆڵی لالشیش تایبەتە بە چالاکیی ئایینیی ئێزدییەکان.
گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی زاخۆ بە 964ـی راگەیاند، پێشتر بە بەهای 30 ملیار دینار پڕۆژە لەو شوێنە جێبەجێ کراوە و بەهای پڕۆژە نوێکانیش ملیارێک و 986 ملیۆن دینارە.
وتیشی، “کۆمەڵگای دێرەبوون کە سەر بە ناحیەی رزگارییە، شوێنی نیشتەجێبوونی موسوڵمان و کریستیان و ئێزدییەکانە و پێکەوەژیانێکی زۆر باش لە نێوانیاندا هەیە”.
کۆمەڵگای دێرەبوون دەکەوێتە خورئاوای شاری زاخۆ، نزیکەی 30 کیلومەتر لە سەنتەری شاری زاخۆ دوورە.
پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد