یەکێک لەو بارەگایانەی ئەمریکا لە عێراق بۆرودومانی کرد. فۆتۆ: ئاژانسەکان
هێرشه‌كانی شه‌ممه‌ی رابردوو
یه‌كلابووه‌وه: ئه‌مریكا پێش هێرشه‌كان به‌غدای ئاگادار نه‌كردبووه‌وه
964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، رایگەیاند، ئەمریکا پێش ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی و ئه‌و هێزانه‌ی سه‌ر به ئێرانن له عێراق، ئاگاداری به‌رپرسانی عێراقی نه‌كردووه‌ته‌وه.
جێگری وتەبێژی وەزارەتی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا ڤێدانت پاتەل، ئه‌مڕۆ دووشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگه‌یاند، “عێراق تێگەیشتبوو ئه‌مریكا وەڵامدانەوەی دەبێت، دوای ئه‌و هێرشە کوشندەکەی كرایه‌سەر هێزەکانمان لە ئوردن”.
ڤیدانت وتی، “هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەختە بۆ حکومەتی عێراق نەبووە، به‌ڵكو راستەوخۆ دوای هێرشه‌كان عێراقییەکانمان ئاگادارکردەوە”.
ئاماژەی بەوەش کرد “ئەمریکا هێشتا خەریکی هەڵسەنگاندنی ئەو زیانانەیە کە لە ئەنجامی هێرشەکانی لە عێراقدا هاتوون”.
سەرلەبەیانی رۆژی شەممەی رابردوو، ئەمریکا هێرشی ئاسمانی لە عێراق و سوریا كرده سه‌ر بنكه و باره‌گاكانی هێزه چه‌كداره‌كان نزیك له ئێران و فه‌یله‌قی قودسی سه‌ر به سوپای پاسداران.
ئه‌م لێدوانه‌ی جێگری وتەبێژی وەزارەتی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له كاتێكدایه، جۆن کێربی وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی کۆشکی سپی، رۆژی شەممەی رابردوو دووپاتیکردەوە، پێشتر حکومەتی عێراق پێش دەستپێکردنی هێرشە ئاسمانییەکان ئاگادارکراوەتەوە، هه‌ر دوای ئه‌وه‌ش باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق بوونی هەماهەنگی پێشوەختەی نێوان بەغدا و واشنتۆنی سه‌باره‌ت به هێرشه‌كان رەتکردەوە.