"تەنیا پزیشک دەتوانێت ریکلام بکات"
پارێزەرێک: کڕینی دەرمانی پزیشکی لە ئۆنڵاین کارێکی هەڵەیە
964+
ئەحمەد مستەفا
“سەندیکای پزیشکان، بڕیاریان هەیە ئەگەر کەسێک پزیشک نەبێت مافی ئەوەی نییە ریکلام بۆ دەرمان بکات”، ئەمە قسەی پاریزەرێکە کە رۆژانە کەیسە جیاوازەکانی مامەڵە و ریکلامی ئۆنڵاین لە دادگا دەبینێت.
لە هەرێمی کوردستان ئەو ماددە و دەرمانەی دەچنە پۆلێنی بابەتی تەندروستی لە بازاڕی ئۆنڵایندا کڕین و فرۆشتنیان گەرمە، سەرەڕای ئەوەی لێکەوتەی تەندروستی لەسەر بەکارهێنەرانی دروستکردووە، بەپێی مادەی 416 لە یاسای سزادانی عێراقی، ژمارە 111ی ساڵی 1969ی هەموارکراو مامەڵە لەگەڵ تۆمەتبارە ئاراستەکراوەکانی دەکات.
شامپۆیەکی قژ رەشکردنەوەی کڕیوە بەڵام حاڵی پەرێشان کردووە
ئەمڕۆ دووشەممە 5.2.2024، شەماڵ عەبدولواحید، پارێزەر بە 964ی وت، کەیسەکانی زیانی دەرمانە ئۆنڵاینەکان لە دادگا هەن، لە رێکاری سزایدا ئەم تۆمەت ئاڕاستەکراوانە جیاواز مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، بەڵام یاسای مافی پاراستنی پێداون، ئەگەر یەکێک زیان بە کەسێک بگەیەنێت، بە هەڵە بێت یان بە ئیهمالی و بە رەچاونەکردنی رێنمایی، سزای شەش مانگ زیندان و غرامەکردنی دەدرێت.
بەقسەی ئەو پارێزەرە بێت، ئەگەر هاتوو لەو رووداوەوە تووشی کێشە و لێکەوتەی تەندروستی هات، ئەوکات سزاکە بەرز دەبێتەوە لە شەش مانگەوە دەبێت بە دوو ساڵ، سەرەڕای غرامەکردنی، وتیشی، “لە سەندیکای پزیشکان بڕیارێک هەیە، کە هەرکەسێک پزیشکی دەرمانساز نەبێت، نابێت ریکلام بۆ دەرمان بکات، چونکە لێی نازانێت، و بەو هۆیەوە خەڵکی دەکەوێتە هەڵەوە، و ئەمەی لە ئۆنڵاین دەکرێ لە هەرێمی کوردستان کارێکی هەڵەیە”.
شامپۆفرۆشە ئۆنلاینەکە دەستگیر کرا
رێبەر فەتاح، پسپۆری کارگیری ئابوورییە ئەو پێی وایە، ئۆنڵاین کراوە بە باشترین رێگە تا كاڵا و شتومەك بگاتە دەستی كڕیار، لە بازاڕی ئەم سەردەمە هەموو هەوڵەكان بەو ئاراستەیەن كاڵا لە كڕیار نزیك بكەنەوە، بازاڕی ئۆنڵاین جێی خۆی كردووەتەوە و چەندە دنیای تەكنەلۆجیا پێش بكەوێت، ئەویش لەگەڵیدا دەڕوات.
بەقسەی پسپۆڕەكە بێت، زیانەكانی ئەو جۆرە بازاڕە ئەوەیە دەبێ رێكلامی بۆ بكرێت، رێكلامیش مەرجی تایبەتی خۆی هەیە، بۆ نموونە “درۆی” تێدا نەكرێت، ئەمەش لەلای زۆربەیان نییە تا ئێستە لە كوردستان و عێراق، بەهۆی ئەوەی یاسای تایبەتیان نییە و زۆر جار فێڵ دەچێتە ناو كارەكە، بۆیە پێویستە كڕیار ماركە و براندەكان بناسێتەوە.
رۆژی 3.2.2024، هاوڵاتییەک لە سلێمانی نیگەرانی دەربڕی و وتی، شامپۆیەکی قژ رەشکردنەوەم کڕیوە بە 23 هەزار دینار، بەڵام حەساسیەتم پێگرتووە و وەک خۆی وتی، “چاوێکی نابینێت”، ئەو هاوڵاتییە سکاڵای هەیە لەسەر ئەو کەسەی شامپۆکەی لێ کڕیووە و دەڵێت، “لە ئۆنڵاین کڕیم و بێ منەتی کردم”.