ئەوان چی دەکەن؟

تەندروستیی راپەڕین: بازرگانانی شیر دایکان لە شیردانی سروشتی سارد دەکەنەوە

پێشەوا محەمەد

تەندروستیی راپەڕین هەڵمەتی شیردانی سروشتی راگەیاند و وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت، بازرگانانی شیر دایکان لە شیردانی سروشتی سارد دەکەنەوە.

هەڵمەتەکە ئەمڕۆ یەکشەممە 4.2.2024 دەستیپێکردووە و بۆ ماوەی چوار رۆژ بەردەوام دەبێت.

تەها محەمەد، وتەبێژی تەندروستیی راپەڕین بە 964ـی راگەیاند، هەڵمەتەکە خۆی لە هەڵواسینی پۆستەر لە شوێنە گشتییەکان و ناو بنکە تەندروستییەکان دەگرێتەوە.

وتیشی، “هەڵمەتەکە وەزارەتی تەندروستی رایگەیاندووە و بۆ سەرتاسەری هەرێمی کوردستانە”.

ئیدارەی راپەڕین 10 ناحییە و سێ قەزای هەیە و لە سەرجەمیان ئەو هەڵمەتە بەڕێوە دەچێت.

تەها محەمەد ئاشکراشی کرد، بازرگانانی شیری قوتوو رۆڵێکی خراپ دەگێڕن و بە هەڵمەتەکانیان دایکان لە شیردانی سروشتی سارد دەکەنەوە، “ئێمەش دەمانەوێت دایکان هۆشیار بکەینەوە لە تەندروستی و سەلامەتیی کۆرپەلە بە پێدانی شیری سروشتی”.