پەتاتەی خۆماڵی.وێنە:964
هێشتا نەچنراوەتەوە
خواست لەسەر پەتاتەی خۆماڵی لە شاری دهۆک کەمی کردووە
964+
هیڤی دێوالی – دهۆک
جوتیاران پەتاتەیان لە زەوی دەرنەهێنانەوە، ئەمەش بەهۆی کەمیی خواست لەسەری و هەرزانی نرخەکەی لە بازاڕدا .
بەرهەمی پەتاتە لە عەلوە یەک کیلۆ 150 دینار دەکات، هەروەها بەرهەمی پەتاتەی بیانی یەک کیلۆ لە نێوان 500 دینار بۆ 1000 دینارە.
بە پێی زانیارییەکانی 964، جوتیارانی دهۆک زۆربەی بەرهەمی پەتاتەی ئەمساڵیان لە ژێر زەویی دەرنەهێناوە و دەڵێن زەرەری زیاترە لە قازانج و جگە لەوەش رێژەیەکی زۆر بەرهەمی پەتاتەی ساڵانی رابردوو هەر لە کۆگاکاندا ساغ نەبووتەوە.
حاجی خالید، جووتیارێکی ناوچەی شێخانە بە 964ـى وت، وەرزی بەرهەمهێنانی پەتاتە دوو مانگ لەمەوبەر کۆتایی هاتووە و زۆربەی پەتاتەکانمان هێشتا لەژێر زەویدایە، چونکە بەهۆی پەتاتەی بیانی خواستی لەسەر نییە.
وتیشی، لە عەلوە 40 کیلۆ پەتاتەم بە شەش هەزار دینار فرۆشتووە و لە بازاڕ پەتاتەی بیانی یەک کیلۆی بە هەزار دینارە، ئەمساڵ جووتیاران زۆر زەرەرمەند بووین، داوا لە لایەنی پەیوەندیدار دەکەن هاوکارییان بکەن.
ئەحمەد جەمیل بەڕێوەبەری گشتیی کشتۆکاڵی دهۆک بە 964ـى وت، لە قەزاکانی بەردەڕەش و شێخان ساڵانە زیاتر لە 500 هەزار تۆن پەتاتە بەرهەم دەهێنرێت.
964 دەزانیت لە ساڵی 2023ـەوە 585 هەزار تۆن بەرهەمی پەتاتە لە کوگاکانی سارکردنەوە کۆکراوەتەوە لە قەزاکانی بەردەڕەش و شێخان.
پێداچوونەوە: توانا نەقی