"سزا دەدرێن"

خاوەن ئاژەڵەکانی باسرمە ئاگادار دەکرێنەوە


شۆڕش هەرکی – هەولێر

خاوەن ئاژەڵەکانی ناحیەی باسرمە لە قەزای شەقڵاوە ئاگادار کرانەوە، کە چیتر ئاژەڵەکانیان نەهێننە سەر شەقامە سەرەکییەکان، لەناو پارکیش ببینرێن سزای خاوەنەکانیان دەدەن.

دوێنێ شەممە سەرۆکایەتی شارەوانی باسرمە، سەرجەم مەڕدار و ئاژەڵدارەکانی ئاگادارکردۆتەوە، کەچیتر ئاژەڵ، مەڕ و ماڵاتەکان نەهێنە سەر شەقامی سەرەکیییەکان.

ئەمرۆ یەکشەممە 4.2.2024، کارزان نەوزاد، سەرۆکی شارەوانی باسرمە بە 964ی وت، چەند ساڵێکە ئاژڵدار و مەڕدارەکانی ناحیەکە، بۆ لەوەڕاندن ئاژەڵەکانیان دەهێنە ناوەندی هەردوو سایدی سەرەکی شەقامەکە، کە رێگای هەولێر – دهۆکە، ئەمە جگە لەوەی سیمایەکی ناشرینی بەشوێنەکە بەخشیوە، مەترسی بۆ سەر ژیانیشیان هەیە.

بە قسەی سەرۆکی شارەوانی باسرمە بێت، حاڵەتیان هەبووە ئاژەڵ لەناو پارکی ناحیەکە بینراون کە دەکەوێتە سەر شەقامێکی سەرەکی، ئەو وتی، شوێنەکەم ببوو بە جێگای لەوەڕاندنی ئاژەڵەکان، لیژنەکانی شارەوانی ئاگادارکراون، لەهەفتەی داهاتووە وە ئاژەڵی هەرکەسێک لەوێ ببینن، خاوەنەکانیان سزا دەدەن.

ژمارەی دانیشتووانی ناو شارۆچکەی باسرمە، نزیکەی 16 هەزار و 114 کەسە و 54 گوند کەوتووەتە سنورەکەیەوە، 15 کیلۆمەتر لە سەنتەری قەزای شەقڵاوەوە دوورە.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا