رووداوێکی هاتوچۆ 10 برینداری لێکەوتەوە

964+ هۆگر عەدنان – چەمچەماڵ لەسەر رێگەی قەزای بازیان لە نزیک سلێمانی، رووداوێکی هاتوچۆ روویداوە لەنێوان پاسێک و بارهەڵگرێکی چیمەنتۆ، لە ئەنجامدا 10 سەرنشینی پاسەکە برینداربوون. رووداوەکە دەوروبەری کاتژمێڕ 2:00ی پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە روویداوە. 964+ دەزانێت رووداوەکە بە دیاریکراوی لەسەر رێگەی بازیان، لە نزیک شارۆچکەی کۆپاڵە لە چوارڕیانی چەمی رێزان روویداوە . بەڵێن کەریم، وتەبێژی هاتوچۆی بازیان بە 964+ی وت، سەرنشینەکان بە سووکی برینداربوون و زیانی گیانی زۆریان بەرنەکەوتووە. دکتۆر ئیسماعیل ئەمین، وتەبێژی تەندروستی بازیان بۆ 964+ی باسکرد، کە تەنیا دووان لە بریندارەکان گەیەندراونەتە نەخۆشخانە، ئەوانی دیکە تەنیا لە رووی دەروونیەوە شڵەژاون، یان رەنگە کەمێک کوترابن. هەردوو بریندارەکە ژن بوون و تەمەنیان 25 و 30 ساڵان بووە، بۆ چارەسەر رەوانەی سلێمانی کراون، بە قسەی دکتۆر ئیسماعیل.