لە مەرزی تەوێڵە - شوشمێ

دەستبەسەر 500 کیلۆ تووی وشکی خراپبوودا گیرا

پێشەوا محەمەد

لە مەرزی تەوێڵە – شوشمێ دەستبەسەر 500 کیلۆ تووی وشکی خراپبوودا گیراوە و لەناوبراوە، بەپێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەری ناحییەی بیارە، ئەوە یەکەم دەستبەسەرداگرتنی ساڵی نوێیانە لە مەرزەکە.

حەمید بارام، بەڕێوەبەری ناحییەی بیارە بە 964ـی راگەیاند، ئەو تووە خراپ بووبوو و دوای ئەوەی ئەومڕۆ شەممە لە رێگەی لیژنەکانی مەرزەکەوە ئاشکرا کرا لەناوبرا.

وتیشی، “هەوڵ درابوو تووە خراپبووەکە بهێننە هەرێمی کوردستانەوە و ساغی بکەنەوە”.

لە سنوورى مەرزى تەوێڵە – شوشمێ، لیژنەیەک لە ئاسایش و پۆلیس و کوالێتىی کۆنتڕۆڵ و تەندروستى، بە سەرۆکایەتىی بەڕێوەبەرى ناحییەى بیارە پێکهێنراوە، هەر خۆراک و کاڵایەک بێتە مەرزەکە پشکنینى بۆ دەکەن و ئەگەر بەسەرچووبێت یان شیاو نەبێت بۆ خواردن تەلەف دەکرێتەوە و رێگرى لێدەکرێت بهێنرێتە سنوورى هەرێمى کوردستان.

“هەندێجار خواردن دێت بەسەرنەچووە یان خراپ نەبووە، بەڵام مەرجەکانی حکومەتی عێراقی تێدا نین و لەوکاتانەدا ئەو شمەکەی هێندراوە لەناونابرێت و دەگەڕێندرێتەوە”، حەمید بارام وای وت.

ساڵی رابردوو لە مەرزی تەوێڵە – شوشمێ دەستبەسەر 500 تۆن کاڵا و خواردنی بەسەرچوو و خراپبوودا گیراوە، بەشێکیان لەناوبراون و بەشێکیشیان بۆ ئێران گەڕێندراونەتەوە.

مەرزی تەوێڵە – شوشمێ پارێزگای هەڵەبجە دەبەستێتەوە بە پارێزگای كرماشانەوە، دوایين ناوچە لە دیوی هەرێمی كوردستانەوە شارەدێی تەوێڵەیە، كە 22 کیلۆمەتر لە ناوەندی پارێزگای هەڵەبجەوە دوورە.