"دۆخی مرۆیی گەیشتووەتە ئاستێکی ترسناک"

یونیسێف: رۆژانە 11 منداڵ لە لوبنان دەکوژرێن و بریندار دەبن

964+
پەری ساڵح

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان (یونیسێف) ئامارێکی ترسناکی لەبارەی کوژران و برینداربوونی منداڵان لە لوبنان بڵاوکردەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە وڵاتەکە لەژێر کاریگەریی شەڕ و هێرشە چڕەکانی ئیسرائیلدایە.

رێکخراوەکە لە راپۆرتێکدا دەڵێت، لە ماوەی هەفتەی رابردوودا، لوبنان لە هەر 24 کاتژمێرێکدا بە تێکڕا 11 منداڵ تێیدا کوژراو و برینداربوون.

لە سەرەتای دەستپێکردنی ئەم جەنگەوە لە 2ـی ئازاری ساڵی رابردوو (2026)، سوپای ئیسرائیل هێرشە ئاسمانی و زەمینییەکانی بۆ سەر لوبنان بە شێوەیەکی بەرچاو چڕکردووەتەوە. ئەمەش بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی هەزاران هاوڵاتی مەدەنی، هاوکات سەدان هەزار کەسی دیکەش بەهۆی فەرمانەکانی چۆڵکردنی ئیسرائیلەوە ناچار بە کۆچکردن و جێهێشتنی ماڵەکانیان بوون.

شەڕی لوبنان دوای دوو ڕۆژ لە هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران سەریهەڵدا؛ کاتێک حزبوڵای لوبنانی لە کاردانەوەی کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران، هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکرد و لوبنانی پەلکێشی ناو جەنگەکە کرد.

دۆناڵد ترەمپ، لە مانگی نیسانی رابردوودا بڕیاری ئاگربەستی لە لوبنان راگەیاند، بەڵام هێرشەکانی ئیسرائیل بە چڕی بەردەوامن و لە بەرامبەریشدا، هێرشەکانی حزبوڵا بەتایبەت لە رێگەی درۆنەوە بۆ سەر ئیسرائیل نەوەستاون.