34 کەسیان کوردبوون

تەنیا لە ماوەی یەک مانگدا لە ئێران 74 لە سێدارەدان جێبەجێ کراوە

964+

توانا نەقی

لە ماوەی مانگی یەکی 2024ـدا بە پێی قسەی رێکخراوێکی مافی مرۆڤ لایەنی کەم 74 سزای لە سێدارەدان لە بەندیخانەکانی ئێراندا جێبەجێ کراوە کە 34 کەسیان کوردبوون.

رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە، تەنیا لە ماوەی یەک مانگی ساڵی تازەدا ئەو ژمارەیە بە تۆمەتی جیاجیا لە سێدارەدراون و لەوەش نزیکەی نیوەی کوردبوون.

رێکخراوەکە ئاماری ژمارەی کەسەکان و ئەو تۆمەتانەی پێی لە سێدارەدراون بڵاوکردووەتەوە.

دەشڵێت، لە ماوەی مانگی رابردوودا سزای سێدارەی 34 بەندکراوی کورد کە دەکاتە 46% کۆی گشتیی ئاماری لە سێدارەدراوانی ئەم مانگە و 7 بەندکراوی تورک کە دەکاتە 9.5% و 5 بەندکراوی بەلووچ کە دەکاتە 6%ی کۆی حاڵەتەکان، لە بەندیخانەکانی ئێراندا جێبەجێ کراون، هەروەها هەر لەو مانگەدا دوو هاوڵاتی ئەفغانستان لە بەندیخانەکانی ئێران لە سێدارە دراون.

لەو ماوەیەدا سزای سێدارەی لانیکەم 7 بەندکراوی سیاسی و ئایینی جێبەجێ کراوە کە ٦ کەسیان سیاسی و کەسێکیشیان ئایینی بووە، هەروەها سزای سێدارەی ژنێکیش لە بەندیخانەی سەبزەواری پارێزگای خوراسانی رەزەوی جێبەجێ کراوە.

بە پێی راپۆرتی رێکخراوەکە، لەو ئامارە زۆرترین رێژەی لەسێدارەدراوان لە بەندیخانەکانی پارێزگای ئەلبورز بووە کە 32 کەس تۆمار کراوە، هەروەها لە بەندیخانەکانی پارێزگاکانی خۆراسانی رەزەوی 7 کەس، هەمەدان 6 کەس، فارس و گەیلان هەرکامیان 4 کەس لە سێدارە دراون.

جیاکردنەوەی بەپێی تۆمەت:

زۆرترین رێژەی بەندکراوانی لەسێدارەدراو بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە بووە کە 46 بەندکراوە و دەکاتە 64% کۆی گشتیی لە سێدارە دراوانی ئەم مانگە لە بەندیخانەکانی ئێراندا.

تۆمەتی سیاسی و ئایینی: 7 کەس.

کوشتنی بە ئەنقەست: 16 حاڵەت

تۆمەتی دزیی چەکدارانە: 5 کەس.

دواینجاریش لە بەرەبەیانى رۆژی دووشەممەی رابردوو 29.1.2024 ، سزاى لەسێدارەدانى چوار بەندکراوى سیاسیى کورد جێبەجێکرا، ئەوەش دواى 18 مانگ لە دەستگیرکردنیان.

چوار بەندکراوى سیاسی کورد لە سێدارەدران

چوار بەندکراوى سیاسی کورد لە سێدارەدران