لەسەر چی دوورخراوەتەوە؟

ئەو بەڕێوەبەرەی لە بازیان دوورخرایەوە قسە بۆ 964 دەکات

964+

پێشەوا محەمەد

بەڕێوەبەری قوتابخانەیەکی ناوەندی قەزای بازیان “بەبێ رەزامەندی و ئاگاداری خۆی” لە لایەن پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانییەوە دووردەخرێتەوە، خۆشی هۆکارەکەی بۆ 964 رووندەکاتەوە.

ئەو مامۆستایە ناوی سۆران رەسوڵ بابەکرە و بەڕێوەبەری قوتابخانەی رەوای بنەڕەتییە.

ناوبراو بە 964ـی راگەیاند، فەرمانی دوورخستنەوەکەی لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانییەوە ئاراستەی پەروەردەی رۆژئاوا کراوە.

سەبارەت بە هۆکاری ئەو بڕیارە، سۆران رەسوڵ وتی، “لەسەر بەرگریکردن لە مافی مامۆستایان و پێداگریمان لەسەر ئەوەی قەزیەی مامۆستایان حەقە و مافخواردن و زەوتکردنی شایستە داراییەکانیان نایاساییە دوورخراومەوە”.

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، مامۆستا چالاک عەلی، بەڕێوەبەری قوتابخانەی رەوشتی بنەڕەتی لە بازیان لە لێدوانێکیدا بۆ 964 ئاشکرای کردبوو، کە دوو رۆژ بەرلەئێستا دەستلەکارکێشانەوەی نووسیوە و هۆکارەکەشی بۆ فشارەکانی پەروەردەی سلێمانی گەڕاندووەتەوە لەسەریان بۆ دەستپێکردنەوەی دەوام.

“بەکارهێنانی هەڕەشە و ترساندن و سزادانی مامۆستا لێدانە لە شکۆی مامۆستا و لەکەدارکردنی پڕۆسەی خوێندنە لە کوردستان”، ئەوەش قسەی سۆران رەسوڵە.

سۆران رەسوڵ بابەکر ماوەی 20 ساڵە مامۆستایە و ماوەی 10 ساڵیشە بەڕێوەبەری ئەو قوتابخانەیەیە.

ئەو مامۆستایە وتیشی، “تا ئێستا سکاڵام نەکردووە و هەندێ رێکارم گرتووەتەبەر چاوەڕێی وەڵامی بەرپرسانی پەروەردەی سلێمانیم، ئەگەر هیچ نەکرا ئەوکاتە لە رێگەی یاساوە هەوڵی بەدەستهێنانەوەی مافەکانم دەدەم”.

بەڕێوەبەری قوتابخانەیەک دەستی لەکارکێشایەوە

بەڕێوەبەری قوتابخانەیەک دەستی لەکارکێشایەوە