تەنیا بانکی ئەلهودایە

بانکی ناوەندی: دەنگۆی سزادانی 8 بانک رەتدەکەینەوە

964+

ژووری هەواڵ

پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند، وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا تەنیا سزای بانکی ئەلهودای داوە، ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەنەوە کە سزای هەشت بانک درابێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە 31.1.2024، عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا پشتیوانی دەربڕیوە بۆ ئەو رێکارەکانەی کە بانکەکە گرتوویەتیە بەر بۆ رێگریکردن لە بردنەدەرەوەی دۆلار و لەم ماوەیەدا رێگریان کردووە لەوەی ژمارەیەک بانک و کۆمپانیا دۆلاریان بەدەستبگات.

لەبارەی سەپاندنی سزا بەسەر ژمارەیەک بانکدا لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە، عەلی عەلاق وتی، جگە لە بانکی ئەهلى ئەلهودا، وەزارەتەکە سزای بەسەر هیچ بانکێکی دیکەدا نەسەپاندووە و ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەنەوە کە باس لە سزادانی هەشت بانکی دیکە دەکرێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە میدیاکانى عێراق بڵاویانکردووەتەوە، وەزارەتى گەنجینەى ئەمریکا، لەدواى بانکى ئەهلى ئەلهودا، بە تۆمەتى سپیکردنەوەى پارە، مامەڵەی بە دۆلار لە حەوت بانکی ئەهلى دیکەى عێراق قەدەغە دەکات.

پارێزگاری بانکی ناوەندی وتیشی، لە پلانیدایە تا کۆتایی ئەمساڵ کۆتایی بە سەکۆی ئەلیکترۆنیی حەواڵەکردنی دۆلار بهێنن.

پێشتر وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، لە کۆی 86 بانکى ئەهلى لەعێراق، 14 بانکى خستۆتە لیستى رەشەوە، بە تۆمەتى پاڵپشتى دارایی بۆ ئەو گروپ و لایەنانەى کە واشنتن وەک تیرۆریست دەستنیشانی کردوون.

راگەیەنراوێک لە بانکى ناوەندییەوە

راگەیەنراوێک لە بانکى ناوەندییەوە