چەند یەکەیەک بۆ کرێنشینان لە سیتەک - وێنە: 964
لینکەکە دادەخرێت
50 هەزار خێزان فۆرمی یەکەی کرێنشینانیان بەهەڵە پڕکردوەتەوە ئەمشەو کۆتا دەرفەتە
پێشەوا محەمەد
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت، وادەی پڕکردنەوەی فۆڕمی یەکەی کەمدەرامەتان درێژ ناکرێتەوە.
ئەمڕۆ تا کاتژمێر 12ـی شەو وادەی پڕکردنەوەی فۆڕمەکە ماوە و کۆتایی پێ دێت.
توانا بەشیر، بەڕێوەبەر گشتیی دیوان لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی هەرێم بە 964ـی راگەیاند، ئەمڕۆ کۆتا وادەیە و فۆڕمە ئۆنلاینەکە دادەخرێت.
راشیگەیاند، نزیکەی 26 هەزار خێزان فۆڕمەکەیان بە دروستی پڕکردووەتەوە و کۆدیان بۆ گەڕاوەتەوە، “بەڵام نزیکەی 50 هەزار خێزان کۆدەکەیان بۆ نەگەڕاوەتەوە و ئەگەر تا ئەمشەو فۆڕمەکەیان چاک نەکەن ناچنە کێبرکێکەوە”.
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی هەرێم لە مانگی هەشتی ساڵی رابردووەوە فۆڕمی ئۆنلاینی بۆ دابەشکردنی نۆ هەزار و چوار یەکە بڵاوکردەوە، کە لە پارێزگا، قەزا و ناحییەکان دروستکراون و بەشێکیان 13% و بەشێکیان 95%ـی کارەکانیان تەواو بوون.
بۆ تەواوکردنی سەرجەم یەکەکان، وەزارەتەکە پێویستی بە نزیکەی 300 ملیار دینارە و چاوەڕوانی دابینکردنییەتی لە لایەن وەزارەتی دارایی هەرێمەوە.
توانا بەشیر: دوای کۆتایی پڕکردنەوەی فۆڕم بۆ ماوەی مانگێک وردبینی لە فۆڕمەکاندا دەکرێت و دواتر شایستەکان دیاری دەکرێن.