دەستەی مافی مرۆڤ کارەکە دەکات

زانیاری دەربارەی دیاردەی سواڵکردن کۆدەکرێتەوە

پێشەوا محەمەد

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە رێگای نووسینگەکانییەوە زانیاری دەربارەی دیاردەی سواڵکردن کۆدەکاتەوە و توێژینەوەی لەسەر دەکات و پێشێلکارییەکان دیاری دەکات.

نووسینگەکانی دەستەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ بنکەکانی پۆلیس کارەکە ئەنجام دەدەن.

مونا یاقو، سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ بە 964ـی راگەیاند، دەستەکەیان بەردەوام بەدوای پێشێلکارییەکان و تۆمارکردنیانەوەیە، ئەو پڕۆسەیەش لەو چوارچێوەیەدایە.

دەشڵێت، دەیانەوێت بزانن چەند منداڵ سواڵیان پێدەکرێت و لە مافەکانیان بێبەشن و لە قوتابخانە دەرهێندراون، تا دواتر هەم توێژینەوەی لەسەر بکەن هەم کەیسیان بۆ دروست بکەن و پێشێلکارییەکان بەرامبەریان دەستنیشان بکەن.

دەستەکە لە هەمان کاتدا هەمان پڕۆسە بۆ منداڵانی ئیشەکەریش ئەنجام دەدات.

“پرسی سواڵکردن بەتایبەت بە منداڵ و ئیشپێکردنیان و پێشێلکردنی مافەکانیان هەڕەشەی جدی لە داهاتووی منداڵان دەکات و دەبێت رێی لێبگیرێت”، ئەوەش قسەی مونا یاقوە.

بەپێی زانیارییەکانی منداڵپارێزی کوردستان، زیاتر لە سێ هەزار منداڵی ئێشکەر لە هەرێمی کوردستان بوونیان هەیە.