درۆنێک کەوتە خوارەوە و پۆلی 12یش داواکارییان هەیە

964+

ژووری هەواڵ

ئه‌م ئێواره‌یه‌ خەڵکی گوندی نەبیاوەی پردێ لە کەرکوک، هانایان بۆ پۆلیس بردووە کاتێک درۆنێک لە نزیک ماڵەکانیان بە ئاگرەوە کەوتووەتە خوارەوە، بەقسەی پۆلیسی کەرکوک بێت، کەوتنە خوارەوەکە بێ بەڵا بووە.
سەرچاوەیەك لە پۆلیسی کەرکوک بە 964ـی وت، درۆنەكه‌ پاش ئەوەی لە ئاسمان ئاگری گرتووە ئەم ئێوارەیە کەوتووەتە خوارەوە، بەڵام هێشتا دەرنەکەوتووە لە چی ناوچەیەکەوە هەڵدراوە.
پێشتر، کاروان یاروەیس ئەندامی لیژنەی گواستنەوە لە پەرلەمانی عێراق ئەوەی بە964 وتبوو، لە مۆنیتەری چاودێریکردنی ئاسماندا بەبێ وەرگرتنی رووخسەت، درۆن بە بەردەوامی لە ئاسمانی عێراقدا دێن و دەچن.

وادیارە سەیرانکەرانی ئەڵوەن لە خانەقین چاویان بە روخساری سەیرانگاکە هەڵنایەت، ئەوەتا گەشتوگوزاری قەزاکە دەڵێت، داری سەر کەپرەکانمان لە مەقەڵی گۆشت و کەباب برژاندندا دۆزیوەتەوە، ئەڵوەنی خانەقین ئێستا وشک و برینە.

سەمیر سەردار بەرپرسی گەشتوگوزاری خانەقین بە 964ـی وت، 28 ملیۆن دینارمان لە دروستکردنی کەپر، کورسی، مەقەڵی و توالێت بۆ گەشتیاران لە ئەڵوەن خەرجکردووە، کەچی کەسانی نابەرپرس زۆربەی زۆریان شکاندووە و خەڵک وەک پێویست سوودیان لێ نەبینوە.

پەروەردەی سلێمانی داواکاریی قوتابیانی قۆناغی 12ـی وەرگرت و بەڵێنی پێداون رەوانەی وەزارەتی پەروەردەی بکات بۆ جێبەجێکردنیان.
عومەر محەمەد، یاریدەدەری بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی بە 964ـی وت، ئەوان داوای درێژکردنەوەی ماوەی خوێندن دەکەن بۆ 20 رۆژ، وە دەیانەوێت بەپێی مادەکانی خوێندن چەند بەشێک لاببرێن، هەروەها بۆ بەشداریکردنی قوتابیان لە تاقیکردنەوەی وەزاری کەوتن لە سێ بابەتەوە بکەن بە چوار بابەت، بە زوویش کاتی تاقیکردنەوەکانیان پێ بڵێن.