هەوڵێك هەیە ئاوێك بەو ئاگرە دابكرێت
چین و پاکستان هاتوونەتە پێش و دەیانەوێت جەنگەكەی ئێستا رابگرن
فەرهاد حەسەن
هەریەك لە وڵاتانی چین و پاكستان دەستپێشخەرییەکی هاوبەشیان بۆ هەردوو لایەنی ئێرانی و ئەمریكی كردووە و هەوڵەكانیان خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی لەرێگەی ئەوانەوە ئاوێك بەو ئاگرەی جەنگی ئێستای ناوچەكە دابكەن، هەرچەندە وەكو دوو وڵاتی خێرومەند هاتوونەتە پێشەوە، بەڵام ئەوانیش چاویان لە دەستكەوتێكە، بۆیە هەم دەیانەوێت جەنگەكە بوەستێت و هەمیش بەرژەوەندییەكانی خۆیان پارێزراو بن.
دەستپێشخەرییەكەیان وەكو پڕۆژەیەكە و لە پێنج خاڵی سەرەکی پێكهاتووە:
یەكەمیان: راگرتنی دەستبەجێی شەڕ.
دووەمیان: دەستپێکردنی گفتوگۆی ئاشتی لە زووترین کاتدا.
سێیەم: راگرتنی هێرشەکان بۆ سەر دامەزراوە مەدەنی و ژێرخانییەکان لە ئێران و وڵاتانی کەنداو.
چوارەم: کردنەوەی تەنگەی هورمز بۆ هاتوچۆی کەشتییەکان بە شێوەیەکی ئاسایی و دابینکردنی ئاسایش بۆیان.
پێنجەمیش: بەهێزکردن و پابەندبوونیان بە پەیماننامەكانی نەتەوە یەکگرتووەکان.
ئەم دوو وڵاتە بۆچی هاتوونەتە پێشەوە؟
با لە وڵاتی چینەوە دەستپێبكەین …. چین بۆیە هاتووەتە پێشەوە، چونکە ئەمریکا یاری بە بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی دەکات لە ئێران، بەتایبەت لە کەرتی نەوت، ئەوەشمان بیرنەچێت پێشتر ئەمریكا لە فەنزوێلا زیانێكی زۆری بە بەرژەوەندییەکانی وڵاتی چین گەیاندووە و ئێستاش چین نایەوێت هەمان شت لە ئێران دووبارە بێتەوە.
ئەی فشارەكانی وڵاتی چین بۆ سەر ئەمریكا چی دەبن، بۆ ئەوەی ئەو جەنگەی پێ ڕابگرێت؟
بێگومان، چین دەتوانێت فشار بخاتە سەر دۆناڵد ترەمپ لە ڕێگەی “مەعدەنە دەگمەنەکان”ەوە کە چین کۆنترۆڵی ٩٠٪ی بەرهەمهێنانی جیهانی لەو كانزایانە کردووە، دیارە ئەم كانزایانەش لە دروستکردنی پاتری فڕۆکە، ژێردەریا، کەشتی و مۆبایلە ئەمریکییەکاندا بەکاردەهێندرێن، جا ئەگەر چین ئەم هەناردەیە بۆ ئەمریكا ڕابگرێت، بێگومان ئابووری و پیشەسازیی ئەمریکا ڕووبەڕووی قەیرانێکی گەورە دەبێتەوە.
ئەی لەبارەی پاكستانەوە چی؟
پێش هەموو شتێك ئەمجارەیان ترەمپ پەنای بۆ پاکستان بردووە بۆ ئەوەی ببێتە نێوەندگیر لەگەڵ چین بۆ راگرتنی جەنگەكە، باشە بۆچی پاكستانی هەڵبژاردووە، ئەمەیان رەهەندی مێژووی خۆی هەیە كە بە پاكستان دەكرێت و بە وڵاتانی دیكە ناكرێت.
با بگەڕێنەوە بۆ مێژوو…
ساڵی 1971 پاکستان نێوەندگیر بوو بۆ سەردانە نهێنییەکەی هێنری کیسینجەر بۆ چین، كە ئەوكات كێشەیەكی تایوان رووبەڕوی ئەمریكا بوببوەوە، دواتر توانی سەرۆک نیکسۆنیش بە سەردانێك بگەیەنێتە پەکین و تاڕادەیەكی زۆر دۆخەكەی نێوانیان ئاسایی بكاتەوە.
ئێستاش پاکستان پەیوەندییەکی سەربازی و لۆجستی زۆر بەهێزی لەگەڵ وڵاتی چیندا هەیە، پشتی بە پیشەسازی سەربازی ئەو وڵاتە بەستووە، بەتایبەتیش لەو رووبەڕووبوونەوانەی كە جارجارە، بەتایبەتیش ساڵی پار لەگەڵ هیندستان لەسەر هەرێمی كشمیر ئەنجامی داوە، چونكە چەكی چینی و پیشەسازی سەربازی ئەو وڵاتە بووەتە بڕبڕەی پشتی پیشەسازییە سەربازییەكەی و كەمتر پشت بە چەكی ئەمریكی دەبەستێت، ئەوەش ئاشكرایە كە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، پاكستان زیاتر رووی لە وڵاتانی چین و رووسیا كردووە بۆ چەكداركردنی خۆی.
جا لێرەوە ئاشكرا دەبێت كە دۆناڵد ترەمپ بۆچی پەنای بۆ پاكستان بردووە، چونكە كاریگەرییەكانی ئەو وڵاتە تاڕادەیەكی زۆر لەسەر وڵاتی چین هەیە، ئەویش بەهۆی پەیوەندییەكانیان لەبارەی چەك و پیشەسازی سەربازییەوە، بۆیە ترەمپ هەوڵدەدات پێش سەردانە مێژووییەکەی بۆ وڵاتی چین كە بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی ئایاری ئەمساڵدا ئەنجامی بدات، دۆخەکە لەرێگەی پاكستانەوە هێور بکاتەوە بۆ ئەوەی نەبێتە هۆی هەڵگیرسانی جەنگێکی ئابووری یان سەربازی گەورەتر لەگەڵ چین.
ئەها ، ئەو جەنگەی ئێستای ناوچەكە چەند گەورە و فراوانە، ئەوە جەنگێك نییە کە تەنیا یاریکردنێك بێت بە ئێران و تەنیا زیان بە ئێران و کەنداو بگەیەنێت، بەڵکو درێژەكێشانی جەنگەكە لەوە زیاتر، دەبێتە هۆی رووبەڕووبوونەوەی گەورەتر و فراوانتر لە جیهان بەگشتی، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی و وڵاتی چینیش بەتایبەتتر.