خەڵک دەچنە هەورامانی تەخت

لە بەفرێکی سەختدا ئامادەکاری بۆ پیر شالیار دەکرێ


ئەحمەد مستەفا

ئەمساڵ لە هەورامانی تەخت-ی رۆژهەڵاتی کوردستان و لە وەرزی زستان، 685 ملیمەتر باران باریوە و لە هەندێک ناوچە 50 سانتیمەتر و هەندێکی دیکە سێ مەتر بەفر باریوە، بەو دۆخەشەوە ئامادەکاری بۆ رێوڕەسمی پیر شالیار دەستیپێکردووە.

رۆژی چوارشەممە 31.1.2024، یەکەم رۆژی زەماوەندی پیر شالیار لە بەرەبەیاندا بە کڵاورۆشنە دەستپێدەکات و لەلایەن منداڵانەوە گوێزی باخی پیرشالیار بەسەر منداڵ و ماڵانی شارەدێیەکەدا بڵاودەکرێتەوە، دواتر بە ئەنجامدانی قوربانی و دەستدەکرێ بە دابەشکردنی گۆشتەکەیی و ئامادەکردنی خوان بۆ بەشداربووانی رێوڕەسمەکە.

ھەروەھا ژەنینی دەف و تەلیلەی دەروێشان و سرووتە ئاینییە عیرفانییەکان لەلایەن گەنجان و پیرانی ھەورامانەوە ماوەی سێ رۆژ دەخایەنێت و تا رۆژی ھەینی بەردەوام دەبێت، پیر شالیار کەسایەتییەکی کۆنی ناوچەی ھەورامانی تەختە و مەزارەکەشی دەکەوێتە ھەمان ناوچەکەوە، خەڵکی ناوچەکە کۆکن” پیرێکی ئاینداری خۆشەویست بووە” بۆیە لە رۆژی هاوسەرگیرییەکەیدا یادی دەکەنەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە 29.2.2024، فەتحوڵا حوسێنی، ریشپی هەورامانی تەخت لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە 964ی وت، “هەر لە ئیستاوە بەشێک لە ماڵە کرێنشینەکانی هەورامان خەڵکی بۆ هاتووە و سبەینێس خەڵکانێکی زۆر دێن، داوامان لە شارەداریی مەریوان کردووە، هاوکاری پاکسازی رێگا سەرەکییەکان بن و بەفرێکی زۆر باریوە”.

هەورامان تەخت پێنج گوندن، (کەماڵا، رۆهەرێ، چەمەی وەیسیا، هەورامانی تەخت و سەرووپیر)، بە وتەی ئەو بێت، نزیكه‌ی 900 ساڵە لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە یاد کراوەتەوە، وتیشی، “دەرفەتێکی گرنگە بەتایبەت ئێوارەی کۆتایی مەراسیم، هەموو تایەفەکانی هەر پێنج گوندی هەورامان لە ماڵی پیر کۆدەبنەوە و دوای نانخواردن و زیکر، چارەسەر بۆکێشەکان دەدۆزنەوە و بەرنامەی ساڵی ئاییندە دادەنێن”.