چه‌ند دیمه‌نێكی كار كردن له پڕۆژه‌كانى ئاوى گوێڕ... وێنه: راگه‌یاندنى ناحیه‌ى گوێڕ
تاكو مانگى ئایار ته‌واو ده‌كرێت
كێشه‌ى ئاو له‌سه‌نته‌ر و 10 گوندى ناحیه‌ى گوێڕ چاره‌سه‌ر ده‌كرێت
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
له سنوورى ناحیه‌ى گوێڕ كار له‌سه‌ر چه‌ند پڕۆژه‌یه‌ك ده‌كرێت بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌ى ئاو، به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ش ده‌ڵێت، تاوه‌كو مانگى ئایارى داهاتوو هه‌موو پڕۆژه‌كان ته‌واو ده‌كرێن.
بودجه‌ى دابینكراو بۆ پڕۆژه‌كان، بریتییه له دوو ملیار و 500 ملیۆن دیناره.
مه‌سعود نورى به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ى گوێڕ به 964ـى وت، پڕۆژه‌كان زۆرن و جۆراوجۆرن، جگه له‌ناو سه‌نته‌رى ناحیه 10 گوندى سه‌ر به ناحیه‌ش سوودى لێوه‌رده‌گرن.
وتیشی “تۆڕه‌كانى ئاوى ئه‌م گوندانه به ته‌واوى ده‌گۆڕدرێن، چونكه هه‌موویان كۆنن و له بۆرى ئاسن پێكهاتوون و ژه‌نگیان گرتووه”.
دوو هێڵى نوێى راكێشانى ئاویش له رووبار‌ى زێی گه‌وره‌وه بۆ چه‌ند گوندێك راده‌كێشرێت له‌وانه‌ش بۆ گونده‌كانى ده‌رماناو سێچاڵه، ئهوبزهرد و شه‌ڕایه.
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، دوو مزه‌خه‌ى نوێش بۆ راكێشانى ئاو بۆ هه‌ندێك له‌و گوندانه دابینكراوه.
به‌قسه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه، به‌شێكی زۆرى ئه‌و پڕۆژانه ده‌ستیپێكردووه و بڕیاریشه تاوه‌كو مانگى ئایاری داهاتوو، هه‌موویان ته‌واو بكرێن.