تا بەیانی رەوشەکە ئاسایی دەبێتەوە
وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای هەولێر یەکەکانی داگیرساندەوە
964+
فەهمی نەبی
دوای زیاتر لە 26 کاتژمێر کوژانەوەی وێستگەی غازی کارەبای هەولێر، کاتژمێر 12:45ی ئەمشەو یەکەم یەکەی بەرهەمهێنانی کارەبا داگیرسایەوە.
سەرچاوەیەک لە وێستگەی غازی کارەبای هەولێر بە 964ی وت، یەکەم هەنگاوی داگیرسانەوەی وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا دەستیپێکردەوە و ئەم پرۆسەیە کاتی دەوێت.
وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێم ئەمشەو لە راگەیەنراوێکدا ئەوەی راگەیاند، پرۆسەی بەرهەمهێنانەوەی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر دەستیپێکردەوە و پرۆسەی داگیرسانەوەی تەواوەتی یەکەکان تا کاتژمێر 10ی بەیانی رۆژی شەممە دەخایەنێت.
وێستگەی غازی کارەبای هەولێر دەکەوێتە بەشی رۆژئاوای هەولێر و خاوەنی هەشت یەکەی بەرهەمهێنانی کارەبایە، بەڵام تەنیا پێنج یەکەیان کار دەکات و سێیانیان کاری پێ ناکرێت.
کاتژمێر 10:22ی شەوی پێنجشەممە، بە درۆنێک هێرش کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە ناحیەی قادر کەرەم و بەهۆیەوە بەرهەمهێنانی 2800 مێگاوات کارەبا وەستا، لە وێستگەی کارەبای غازی هەولێر بۆئەوەی مەحەتەکان دووچاری Total Shut Down نەبن بەپەلە یەک بەدوای یەک وەحدەکانیان کوژاندوەتەوە.