نەبوونی پارکی ئۆتۆمبێل دانیشتووانی بەردەڕەشی هەراسان کردووە

964+

زەید کۆچەر – دهۆک

لە بەردەڕەش زیاتر لە 30 هەزار ئۆتۆمبێل هەیە و هیچ پارکێکیش نییە، ئەمەش خەڵکەکەی بێزارکردووە.

نەبوونی پارک و زۆری ئۆتۆمبێل لەناو سەنتەری قەزای بەردەڕەش، دانیشتوانەکەی بێزار کردووەو ئاستەنگیشی بۆ هاتوچۆ دروستکردووە.

هاتوچۆی قەزای بەردەڕەش دەڵێ: سه‌ره‌ڕاى بوونی زیاتر لە 30 هەزار ئۆتۆمبێل لە سەنتەری قەزاکە رۆژانەش سەدان ئۆتۆمبێلی ناحیەو گوندەکانیش دێنە ناو بەردەڕەش.

محەمەد گۆران، کە هاوڵاتییەکی دانیشتووی بەردەڕەشە بێزاری خۆی بە نەبوونی پارکی تایبەت بە ئۆتۆمبێل بۆ 964+ دەربڕی، دەڵێت: ماڵم لە نزیک بازاڕە، ناوێرم ئۆتۆمبێلی خۆم ببەمە حەوشەی ماڵەوە، چونکە ئۆتۆمبێلی تر بەردەم دەرگاکە دەگرن و دواتر ناتوانم بێمە دەرەوە”.

ئەو هاوڵاتییە باس لەوەشدەکات، ئۆتۆمبێلەکان لە کۆڵانەکان و سەر شەقامەکان بە چەند ریزێک دەوەستن.

قەزای بەردەڕەش سەر بە پارێزگای دهۆکە سێ ناحیە و 106 گوندی لەسەرە، ژمارەی دانیشتوانەکەی زیاتر لە 106 هەزار کەسە.

حازم گۆران، بەرپرسی راگەیاندنی هاتوچۆی قەزای بەردەڕەش ئاماژەی بەوە دا، زەوییەکانی ناو بازاڕ هی شارەوانین و تا ئێستا نەکراون بە پارک، “هاوڵاتیانیش تا ئێستا هەنگاویان بۆ دانانی پارک نەناوە”.

964+ پەیوەندیی بە شارەوانی بەردەڕەشەوە کرد، بەڵام وتیان زانیاریمان لەوبارەیەوە نییە.