کینێس سمیس، ئەو تاوانبارەى بۆ یەکەمجار بە گازى نایترۆجین لە سێدارەدرا وێنە: میدیا ئەمەریکییەکان
تاوانبارەکە بەختى نەبوو
بۆ یەکەمجار لە سێدارەدان بە گازى نایترۆجین جێبەجێکرا
964+
وریا فەتاح
لە ویلایەتى ئەلاباماى ئەمەریکا، بۆ یەکەمجار بە بەکارهێنانی شێوازی خنکاندن بە گازی نایترۆجین، تاوانبارێکی تەمەن 57 ساڵ لە سێدارەدرا کە ساڵی 1988 لەبەرامبەر بڕێک پارە ژنێکی کوشتبوو.
کینس، لەساڵی 1996-ەوە حوکمی لەسێدارەدانی بۆ دەرچووەو 28 ساڵی رەبەق بوو چاوەڕێی جێبەجێکردنی حوکمەکەى بوو، دواجار ئەم گازە کوشندەیە بوو بە نسیبی و کاى ئایڤى، پارێزگارى ئەلاباما، هەواڵەکەى پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، ئێوارەى پێنجشەممە بە کاتى ئەمەریکا بەرپرسانی چاکسازییەکان بۆ یەکەمجار بە بەکارهێنانی شێوازی خنکاندنی گازی نایترۆجین، کینێس سمیسیان لەسێدارە داوە.
لەمەودوا، ویلایەتی ئەلاباما ئەم شێوازە وەک بەدیلێکی سادەتر بۆ لەسێدارەدان بە پێشکەش دەکات و شێوازەکە بە جۆرێکە ماسکێک دەکرێتە دەموچاوی تاوانبار کە بەتەواوی دەم و لوتی دادەپۆشێت، ئەو ماسکە لەچەند بوتڵێک بەستراوە کە پڕن لە گازی نایترۆجین، بۆ ماوەی 5 تا 15 خولەک گازەکە بەردەدرێتەوە بۆ ئەوەی تاوانبارەکە هەڵیبمژێت تا ئەو کاتەی دەخنکێت.
شارەزایانی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان و پارێزەرانی سمیس هەوڵیاندا رێگری لەم کارە بکەن و رایانگەیاند کە ئەم شێوازە مەترسیدارە و دەتوانێت ئازار لە کاتی مردن یان برینداربوونی سزادراوەکە دروست بکات بەبێ ئەوەی ژیانی لێ ببات.
لەبەر ئەوەی کینس سمس یەکەمین کەسە ئەم شێوازەی لەسەر تاقی دەکرێتەوە، بۆیە ئەگەری هەڵەکردن زۆر بوو، پزیشکەکانی ئەمریکا پێشتر وتبویان،” ئەگەر لەکاتی جێبەجێکردنی حوکمەکە ئۆکسجین تێکەڵی گازەکە ببێت، ئەوە تاوانبارەکە نامرێت”، خۆ ئەگەر ئەم رێگایەش سەرکەوتوو نەبوایە، ئەوا سمس رزگارى دەبوو.
بڕیارە دواتر بەرپرسانی زیندانی ئەلاباما و ئەو رۆژنامەنووسانەی کە شایەتحاڵی لەسێدارەدانی سمیس تەمەن 58 ساڵ بوون، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ساز بکەن.
دوای 28 ساڵ بە گازی نایترۆجین سزای مردنی لەسەر جێبەجێ دەکەن