یادی 100 ساڵەی قامیشلۆ

ژەنەراڵ بە جلی کوردییەوە: سوپاس بۆ ئەوانەی پشتیوانمان بوون، سەردەمی شۆڤێنی تەواو بوو

ژووری هەواڵ

ئەمڕۆ یادی 100 ساڵەی قامیشلۆ بوو، ژەنەراڵ مەزڵوم عەبدی لە ریزی پێشەوەی یادگێڕاندا بوو، لەسەر ستەیجیش باسی دۆخی نوێی رۆژئاوای کوردستانی کرد و ئامادەبووان بە چەپڵەلێدان پشتیوانی قسەکانیان کرد.

لە کاتی ئاهەنگی یادکردنەوەی سەد ساڵەی دروستبوونی قامیشلۆ، مەزڵوم عەبدی دیارترین سەرکردەی دیاری رۆژئاوای کوردستان و فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، کە خۆی کرد بە ناو بۆنەکەداو لە ریزی پێشەوە لە پاڵ بەرپرسانی سوریا دانیشت، هەر زوو هەموو چاوی کامێراکان چوونە سەر جلە کوردییەکانی کە بەدەستووری باشوور دوراوەو لە چەند بۆنەیەکی تردا پێوەی دەرکەوتووە.

کاتێک عەبدی بانگ کرایە سەر ستەیج بۆ ئەوەی قسەیەکی بۆ یادەکە هەبێت، ژەنەراڵ وتی: ئێمە پێمان وایە لە سوریای نوێدا جێی شۆڤێنی نابێتەوە، منداڵان دەبێ بەزمانی دایکی خۆیان بخوێنن، هەر ئەوەندەی ئەو قسەیەی کرد ئامادەبووان دەستیان کرد بە چەپڵەلێدانێکی گەرم و گوڕو بۆ چەند چرکەیەک قسەکانیان پێ بڕی.

هەر لە ریزی پێشەوەی ئامادەبوان ئەحمەد هیلالی جێگری پارێزگاری حەسەکە دانیشتبوو، هێمایەکی داڵەکەی کۆماری سوریای لەسەر لای چەپی چاکەتەکەی دابوو، مەزڵوم عەبدی لە پێش چاوی ئەوو هەموو ئامادەبووان وتی: ”هێرشی گەورە لەسەر ئێمە هەبوو، بەڵام بە پشتیوانی برایانمان لە هەر سێ پارچەکەی دیکەی کوردستان توانیمان بەر بەو هێرشانە بگرین.

مەزڵوم عەبدی باسی وردو درشتی دۆخی تازەی رۆژئاوای کوردستانی کرد، ئەمە بەشێکە لە گرنگترین قسەکانی:

– گەلی ئێمە لە قامیشلۆ بە تەواوی پێکهاتەکانیەوە سەد ساڵە بە ئاشتی پێکەوە ژیاون.
– رژێمی بەعس و پێش ئەوەش دەسەڵاتدارانی شۆڤێنی سیاسەتی شۆڤێنیان بەرامبەر ئێمە پەیڕەو کرد.
– لە 15 ساڵی رابردوودا رێبەرایەتی خۆسەر دژی ئەم سیاسەتانە وەستایەوە.
– ئێمە باوەڕمان وایە لە سوریای نوێدا جێی سیاسەتی شۆڤێنی نابێتەوە.
– پێویستە لە سوریای نوێدا زاڕۆک (منداڵان) بە زمانی خۆیان بخوێنن، بە زمانی دایکیان بخوێنن.
– هێرشی مەزن لەسەر گەلی ئێمە هەبوو، لە شەڕی بوون و نەبووندا بووین.
– توانیمان لەو بەرودۆخەدا هەرێمی خۆمان بپارێزین.
– برایانی ئێمە لە هەرسێ پارچەی کوردستان هاتن هاوکاری ئێمەیان کرد.
– بەهەزاران لاوو کچی کورد هاتنە پاڵپشتی هەسەدەو ئەم هەرێمەیان پاراست.
– هێزەکانی کوردستان لەگەڵ ئێمە بوون و پشتیوانمان بوون.
– بەم بۆنەیەوە سوپاسی هەموو ئەوانە دەکەین کە پشتیوانمان بوون.
– ئەو هێزانەی بۆ هاوکاری ئێمە هاتبوون هەموویان گەڕانەوە ناوچەکانی خۆیان.

قامیشلۆ دوای 100 ساڵ
رۆژی 20ی ئابی 1926 لە سەردەمی ئینتیدابی فەرەنسادا شاری قامیشلۆ دامەزراوە، شارەکە بەشێکە لە پارێزگای حەسەکەو دەکەوێتە ئەوپەڕی باکوری خۆرهەڵاتی سوریاو لە گرنگترین شارەکانی رۆژئاوای کوردستانەو ناوەندەی هەرە دیاری بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بوو، کوردو عەرەب و سریان و ئاشوورو ئەرمەن و ئێزدی پێکەوە لە شارەکەدا هەن و لەسەردەمی دەسەڵاتی بەعسدا یەکێک بوو لەو شارانەی کەوتە بەر شاڵاوی سڕینەوەی نەژاد.
لە سەدەمی دەسەڵاتی نوێی سوریاشدا مەترسی گەورەی لەسەر بوو، بەڵام بە خۆڕاگری شەڕڤانەکان و پشتوانی خەڵکی باشوورو باکوورو رۆژهەڵات قامیشلۆو عاموداو حەسەکەو باقی ناوچە کوردنشینەکانی تر لە دەستی کورددا مانەوەو رژێمی نوێی سوریا وەک دیفاکتۆ مامەڵەی لەگەڵ کردن.

بڵێسەی شۆڕشەکەی رۆژئاوا
لە 12ی ئازاری 2004 کاتی بەڕێوەچوونی یاری تۆپی پێی نێوان قامیشلۆو تپی (فتووە) هاندەرانی تیپەکەی تر لە ناو یاریگا وێنەی سەدام حسێنیان بەرز کردەوە، ئەمەش لەلای خەڵکی قامیشلۆ وەک سوکایەتییەک لێک درایەوە بەرامبەر باشووری کوردستان، بۆیە گرژی لە یاریگاوە سەریهەڵداو بووە بڵێسەی راپەڕینێکی جەماوەری، هێزە ئەمنییەکانی سوریا بە زەبرو زەنگ لە دژیان وەستانەوە، سەرەڕای گیانبەخشینی دەیان کەس، بەپێی هەندێ ئامار زیاتر لە 4000 گەنجی کورد دەستگیر کران.
خەڵکی قامیشلۆ لە ناو شارەکە پەیکەری حافز ئەسەدیان شکاند، دوای ئەوە راپەڕین لە قامیشلۆوە پەڕییەوە بۆ هەموو شارە کوردییەکانی تر، بەڵام دواتر رژێمی بەعس بە تانک و فڕۆکە رووبەڕوویان بووەوەو بە زەبری هێزو کوشتن و دەستگیرکردن سەرکوتی کردن.
قامیشلۆ یەکەم شار بوو بەو بوێرییە رووبەڕووی رژێمی بەعسی سوریا بووەوە، حەوت ساڵ دواتر زۆربەی شارەکانی دیکەی سوریا دژی رژێمەکەی ئەسەد وەستانەوە.