"تورکیا هۆکارە"

وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان: عێراق بەکارهێنانی 60%ـی سامانی ئاوی لەدەستداوە

964+

پێشەوا محەمەد

وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی عێراق رایدەگەیەنێت، وڵاتەکەیان بەکارهێنانی 60%ـی سامانی ئاوی لەدەستداوە و دەشڵێت، حکومەت دۆسیەی ئاوی بە جدی وەرگرتووە.

خالید شەماڵ، وتەبێژی وەزارەتەکە ئاشکرای کردووە، تورکیا سەرچاوە ئاوییەکانی عێراقی کەمکردووەتەوە و کاریگەریی گەورە کەوتووەتە سەر رووباری فوڕات.

“حکومەت مەلەفی ئاو بە یەکێک لە گرنگترین فایلەکانی ئاسایشی نیشتمانی بۆ عێراق دەزانێت و هیچ بوارێک نییە بۆ پشتگوێخستنی، بەتایبەت کە ئێستا عێراق دەتوانێت تەنیا 40%ـی سامانی ئاوی بەکاربهێنێت”، وتەبێژی وەزارەتەکە وای وت.

بە پێی زانیارییەکانی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، تورکیا 22 بەنداوی لەسەر ئەو سەرچاوە ئاویانە لێداوە، کە دێنە ناو عێراقەوە.

خالید شەماڵ وتوشیەتی، “کەمبوونەوەی ئاو لە عێراق کاریگەریی خستووەتە سەر کەرتەکانی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و سامانی ماسی و کوالێتیی ئاوی دیجلە و فوڕات”.

عێراق بە یەکێک لەو پێنج وڵاتە دادەندرێت، کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و گۆڕانی کەشوهەوا.

هۆشداری لە وشکبوونی رووباری فوڕات دەدرێت

هۆشداری لە وشکبوونی رووباری فوڕات دەدرێت