رۆژی جیهانیی پەروەردەیە

هەرێمی کوردستان؛ 9% منداڵان هیچ خوێندەوارییەکیان نییە


ئەحمەد مستەفا

ئەمڕۆ 24.1.2024 رۆژی پەروەردەیە لە جیهان، لە عێراق بەکۆی گشتی زیاتر لەیەک ملیۆن منداڵ و لە هەرێمی کوردستان، ئەمساڵ 650 هەزار خوێندکار چارەنووسی خوێندنیان بە نادیاری ماوەتەوە.

لە جیهان بە چالاکی و مەراسیم یادی ئەم رۆژە دەکرێتەوە، بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت، بەهۆی بایکۆتەوە بۆ ساڵی خوێندنی 2023-2024 لە پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان، راپەڕین و کۆیە نزیکەی 650 هەزار قوتابی چارەنووسی خوێندنیان نادیارە.

وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە رەتیدەکاتەوە لەسەر هەوڵ و کارەکان بۆ دەستپێکردنەوەی دەوامی ئەو قوتابخانانە زانیاری بخاتەڕوو، تەنیا بە 964ی وت، وەزارەتی پەروەردە رێگەنادات چارەنووسی ئەو قوتابییانە بفەوتێت.

ئامارەکانی روپێوییەکی چاودێریی کۆمەڵایەتی دەریدەخەن کە هەزار و 446 منداڵ لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، لەو ژمارانەش 55% لە خوێندن دابڕاون و 9% هیچ خوێندەوارییان نییە، هاوکات بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراق بێت، زیاتر لە یەک ملیۆن مێردمنداڵی عێراقی بێبەشن لە خوێندن.

هەروەها بە گوێرەی نەتەوەیەکگرتووەکان، نزیکەی 244 ملیۆن منداڵ و تازەپێگەیشتوو لە سەرانسەری جیهاندا لە خوێندن دابڕاون، نزیکەی 617 ملیۆن منداڵ و تازەپێگەیشتوو لە سەرانسەری جیهاندا ناتوانن بخوێننەوە، هەروەک نزیکەی چوار ملیۆن منداڵ و تازەپێگەیشتوو بەهۆی ئاوارەییەوە لە خوێندن دابڕاون.