لە 23 رۆژى رابردوودا

حەوت هەوڵى هەڵکەندى بیر نایاسایى رێگەى لێگیراوە

وریا فەتاح

لە سەرەتای ساڵى نوێوە، تەنیا لە سنورى بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی حەوت هەوڵى هەڵکەندنى بیرى نایاسایى رێگەى لێگیراوە.

هێمن کەمەرخان، وتەبێژى بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی بە 964ى وت،”هەوڵەکان زیاتر چڕکراونەتەوە، بۆیە ژمارەى رێگریکردن لە هەڵکەندنى بیرى نایاسایى و دەستبەسەرداگرتنى کەلوپەلەکان هەڵکەندنى بیرى نایاسایى زیادى کردووە”.

بە پێى یاسا و بە چەند مەرجێک رێگە بە هەڵکەندنى بیرى ئاو دراوە، عەباس عەلى، بەڕێوبەری ئاوی ژێرزەویی سلێمانى بە 964ى وت،”بۆ کەرتى کشتوکاڵى و باخدارى بە چەند مەرجێک کە لە یاساکەدا روونکراوەتەوە، رێگە بە هەڵکەندنى بیرى یاسایى دەدرێت بەتایبەت کە رووبەرى زەوییەکە نابێت لە پێنج دۆنم کەمتر بێت”.

لە هەولێر مەرجەکە جیاوازترە و پێویستە رووبەرى زەوییە کشتوکاڵییەکە 10 دۆنم بێت ئینجا مامەڵەى هەڵکەندنى بیرى یاسایى بکەیت، بە وتەى عەباس عەلى، لە سلێمانیش پێداچوونەوە دەکەن و دەیکەن بە 10 دۆنم، ئەوەش بە مەبەستى پارێزگارى لە ئاوى ژێر زەوى.