قەرەبووکردنەوەیان گۆڕانکاری بەسەریدا هاتووە

شەشەم دانیشتنی دادگاییکردنی نەقیب محەمەد و هاوڕێکانی دواخرا

964+

رێژوان مامە قادر – سلێمانی

ئەمڕۆ دووشەممە 22.1.2024 شەشەم دانیشتنی دادگاییکردنی نەقیب محەمەد و هاوڕێکانی کرا، بەڵام دادوەر بۆ 6.2.2024 دانیشتنەکەی دواخست.

لە دانیشتنی رابردوودا دادوەر قەرەبووی قوربانییەکانی دیاریکرد و لە دانیشتنی ئەمڕۆشدا هەندێ گۆڕانکاری لە قەرەبووەکاندا کرا.

ئێستا قەرەبووی بریندارەکان بەم جۆرەن، ئارام قادر بە 105 ملیۆن دینار قەرەبووی مادی و 80 ملیۆن قەرەبووی مەعنەوی، ئاکام هیدایەت بە 50 ملیۆن دینار قەرەبوی مادی و پێنج ملیۆن دیناری قەرەبووی مەعنەوی، رێباز عومەر بە 90 ملیۆن دینار قەرەبووی مادی و سێ ملیۆن قەرەبووی مەعنەوی، سیروان حەسەن بە نۆ ملیۆن قەرەبووی مادی و سێ ملیۆن قەرەبووی مەعنەوی بڕیاری قەرەبووکردنەوەیان درا.

هەریەکە لە لەتیف کەریم و ئامینە عومەری دایک و باکی نەقیب محەمەد قەرەبووی مادیان نەبوو، تەنیا هەریەکەیان بە 20 ملیۆن دینار قەرەبووی مەعنەویان بۆ دیاریکرا.

شۆخان شەریفی هاوسەری نەقیب محەمەد بە 32 ملیۆن دینار قەرەبووی مادی و 13 ملیۆنی قەرەبووی مەعنەوی بڕیاری بۆ درا و یاران نەقیب محەمەد بە 55 ملیۆن دینار قەرەبووی مادی و پێنج ملیۆن دیناری مەعنەوی، یامور نەقیب محەمەد بە 65 ملیۆن دینار قەرەبووی مادی و پێنج ملیۆن دیناری مەعنەقی قەرەبوو کرانەوە.

بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ژنانیش بە 12 ملیۆن دینار قەرەبووکرانەوە لە بەرامبەر ئۆتۆمبێلەکەیان.

کارزان فازیڵ، یەکێک لە تیمی پارێزەرانی داکۆکیکردن لە کەیسی نەقیب محەمەد بە 964ی راگەیاند، ئەو قەرەبووانە کەمن و بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژیش لەو بڕە ناڕازییە کە بۆی دیاری کراوە.

لە دانیشتنی ئەمڕۆ بۆ یەکەمجار خوشکێکی نەقیب محەمەد بەشداریکردبوو، کە لە وڵاتی کەنەداوە بۆ دادگاییەکە گەڕابووەوە.

نەقیب محەمەد ئەفسەری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بوو لە سلێمانی، شەوێکی مانگی دوانزەی ساڵی 2021 دەچنە ماڵێک لە گەڕەکی تانجەڕۆی سلێمانی بە مەبەستی دەستگیرکردنی تۆمەتبارێک، بەڵام نەقیب محەمەد گیانلەدەست دەدات و چوار هاوڕێی دیکەشی بریندار دەبن.

پێداچوونەوە: توانا نەقی