پارەی موچەی مانگی سێی موچەخۆرانی هەرێم خرایەسەر هەژماری وەزارەتی دارایی – وێنە؛ ئەرشیفی 964
پەرلەمانتارێک باسی مەرجەکە دەکات
وەزیری دارایی عێراق: ناردنی پارە بۆ هەرێم بە مەرجە
964+
پیشەوا محەمەد
ئەمڕۆ یەکشەممە لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق کۆبوونەتەوە، ئەندامێکی لیژنەکە دەڵێت، وەزیر وتوویەتی ناردنی پارە بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە مەرجە.
نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە 964ـی راگەیاند، وەزیری دارایی عێراق پێی وتوون بەغدا پابەند دەبێت بە ناردنی 618 ملیار دیناری مانگانە بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، “بەڵام بە مەرجێک بەغدا وردبینی لە لیستی موچە و ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمدا بکات و داتای تەواویش لەوبارەیەوە بدرێت بە بەغدا”.
وەزارەتی دارایی عێراق ناوەڕاستی ئەم مانگە نووسراوی بۆ سەرجەم دامودەزگاکان کردووە لیستی موچەخۆرەکانیان بنێرن بۆ وەزارەتی دارایی بە مەبەستی وردبینیکردن، لەناویاندا وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمیش هەیە.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەش کرد، لە دانیشتەنەکەدا گفتوگۆیان لەبارەی جێبەجێکردنی یاسای بوودجە لە ساڵی رابردوو و پێشبینییەکانی قەبارەی بوودجەی ساڵی نوێ و نرخی نەوت گفتوگۆیان کردووە.
وا چاوەڕوان دەکرێت تا کۆتایی ئەم مانگە هەمواری یاسای بوودجەی عێراق بنێردرێتە ئەنجومەنی نوێنەران و ئەگەر بەو شێوەیەی دەنێردرێت پەسەند بکرێت، کێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم تا دوو ساڵی داهاتوو چارەسەر دەبێت.