لە هەولێر دۆلار لە کوێ بە 146 هەزار دەکڕیت؟

+964

فەرمان سادق

یەکێک لە بریارەکانی بانکی ناوەندی بۆ رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار، پێدانی دۆلارە بە هاوڵاتییان بە هەمان نرخی بانکی فیدڕاڵ.

ئامانج لەو هەوڵەی بانکی ناوەندی رێگریکردنە لە بردنە دەرەوەی دۆلار، بۆ ئەمەش بانکەکە ئامادەیی نیشانداوە بۆ مامەڵەی هاوڵاتیان کە گەشتی دەرەوەی عێراق دەکەن تا 10 هەزار دۆلاریان لە بانک بە نرخی 146 هەزارو 500 دینار پێبدات، بۆ ئەمەش پێویست دەکات هاوڵاتییەکە ماستەر کاردی هەبێت.

بۆ کڕینی دۆلار بە 146 هەزارو 500 دینار، لە هەولێر هاوڵاتییان دەتوانن لە هەردوو کۆمپانیای سەیف و عالەم دۆلار بەو نرخە بکڕن.

+964 پەیوەندی بە هەردوو کۆمپانیاکەوە کردووە.

بەشی خزمەتگوزاری کۆمپانیای سەیف بە +964ـی وت “هەر کەسێک بیەوێت دۆلار بە 146 هەزارو 500 دینار لەلای ئێمەوە وەرگرێت، پێویستە پێشوەختە ناوی خۆی تۆمار بکات، ئێمە رۆژانە لیستی ناوەکەو بڕی ئەو دۆلارەی دەیەوێت رەوانەی بانکی ناوەندی دەکەین، ئەوانیش رەزامەندی لەسەر دەدەن”.

زیاتر وتی “نۆرە گرتنەکە زۆرە، دوو هەفتەی پێدەچێت تا ئەو کەسە دۆلارەکە وەرگرێت”.

کۆمپانیای سەیف، لە هەولێر دەکەوێتە جووتسایدی گەڕەکی بەختیاری، ئەو کەسەی کە دەیەوێت پێنج هەزار دۆلار، کە دەکاتە 50 وەرەقە، وەربگرێت پێویستە پاسپۆرت و ناسنامەی لەلا بێت.

هاوکات بەشی خزمەتگوزاری کۆمپانیای عالەم بە +964ـی راگەیاند: هەر کەسێک دۆلاری بوێت، دەبێت سەردانمان بکات و رێکارەکان بگرێتەبەر کە مەبەستی لە سوودمەند بوون دەبێت بۆ گەشت بێت.

وتی، “جگە لە هاوڵاتییان، ئەوا بازرگانانیش دەتوانن سوودمەند بن، بۆ ئەوان بڕەکە لە دەفتەرێک دۆلارەوە دەستپێ دەکات بە گوێرەی قەبارەی بازرگانییەکەی”.

جگە لەمەش یەکێکی دیکە لەو پێشنیارانەی خراونەتە بەردەم بانکی ناوەندی ئەوەیە کە رێژەی 25٪ـی موچەی فەرمانبەران بە دۆلار بدات.

چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی نزیکی داهاتوودا بانکی ناوەندی گفتوگۆ لەسەر ئەو سێ پێشنیارە بکات و بڕیاریان لەبارەوە بدات.

بۆ کڕینی دۆلار لە کۆمپانیای سەیف پەیوەندی بەو ژمارەیەوە بکەن: 07840500102

بۆ کڕینی دۆلار لە کۆمپانیای عالەم پەیوەندی بەو ژمارەیەوە بکەن: 07837709039