لە دوکان

رێکخراوێکی ئەمریکی بەشێوەیەکی جیاواز هۆشیاری لەبارەی مین بە قوتابیان دەدات

964+

بەرزان عوسمان – دوکان

رێکخراوێکی ئەمریکی هاتووەتە قەزای دوکان، لەیەکێک لە گۆڕەپانەکانی یاری تۆپی پێ دەیان قوتابی قوتابخانەکانی کۆکردوەتەوە و لەرێگەی یاری تۆپی پێ هۆشیاریان پێ دەدەن لەبارەی مەترسیەکانی مین.

رێکخراوەکە ناوی “رۆحی تۆپی پێی نێودەوڵەتی”یە، رێکخراوێکی ئەمریکی قازانج نەویستە و لەساڵی 1996 لە ئەمریکا دامەزراوە، دەیەوێت لەسەر ئاستی جیهان لەرێگەی یاری تۆپی پێ پەیامی هۆشیاری لەبارەی مین و تەقەمەنی بە منداڵان بدات.

تانیا ئەحمەد ئەندامی تیمی سلێمانی رێکخراوەکە بە 964ی وت، “ئامانجەکە ئەوەیە لەرێگەی تۆپی پێوە بتوانین پەیامی خۆپارێزی لەمین و تەقەمەنی بە منداڵان و دواتریش بە هاوڵاتیان بدەین”.

ئەگەرچی لەو ناوچەیە بەهۆی بایکۆتەوە دەوامی قوتابخانەکان نەبوون، بەڵام بەوتەی ئەندامی ئەو رێکخراوە، ئەوان لە گوندەکانی ئەو ناوچەیە چالاکیەکانیان بەردەوامی پێداوە، لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا لەسنوری قەزای دوکان و ناحیەکانی زیاتر لە 30 چالاکیان ئەنجامداوەو زیاتر لە 500 قوتابی و هاوڵاتیان لە مەترسییەکانی مین و تەقەمەنی ئاگادار کردوەتەوە.

بەگوێرەی ئاماری دەزگای گشتی کاروباری مین، ساڵی رابردوو لە هەرێمی کوردستان ئەوانەی بەهۆی مین گیانیان لەدەستداوە ژمارەیان گەیشتووەتە 10 هاوڵاتی و 13 کەسی دیکەش بریندارن.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی