ئاگرە سوورە لە خۆم بەدوورە
بۆ هێرشەکانی سەر هەولێر ئەمریکا بەم شێوەیە کاردانەوە دەردەبڕێت
964+
ژووری هەواڵ
ئێمە پشتیوان و هاوخەمتانین، بەڵام ئەگەر گورزەکە بەر خۆمان نەکەوێت بەنیازی ئەوە مەبن هیچ بکەین، لەسەر بنەمای ئاگرە سوورە لە خۆم بەدوورە، ئەمریکا بەم شێوەیە کاردانەوە دەردەبڕێت.
دیقەتی شوێنی هێرشەکانی هەولێر بدەن: ئەمە ماڵی شێخ باز بەرزنجییە، بە موشەکی ئێرانی هێرشی کرایەسەر، یەک کیلۆمەتر و 300 مەتر لە کونسوڵخانەی ئەمریکاوە دوورە، ئەمەشیان ماڵی پێشڕەو دزەییە، هەمان کارەساتی بەسەرهات، ئەمەشیان کەمتر لە پێنج کیلۆمەتر لە کونسوڵخانەوە دوورە.
دوای نزیکەی 60 کاتژمێر کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر بیری کەوتەوە لەنزیک خۆیانەوە موشەکی بالیسی کەوتووەو شارێکی هاژاندووە، بەڵام دیسان هەر نیگەرانیان دەربڕی.
”بەتوندی ئیدانەی هێرشەکە پڕ توندوتیژی و بێماناکانی ئەم دواییەی دژی هاووڵاتیانی مەدەنیی هەرێمی کوردستان و هێرشە درۆنیە بەردەوامەکانی سەرتاسەری ناوچەکە دەکەین… لە هێرشەکانی ئێران هیچ ناوەندێکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زیانیان بەرنەکەوتوون”. ئەمە بەشێک بوو لە پەیامەکەی کونسوڵخانە.
بەگەڕانەوە بۆ شریتی رووداوەکانی 33 ساڵی رابردووی عێراق و هەرێمی کوردستان، هەڵوێستی ئەمریکا لەمە زیاتری لێ چاوەڕێ ناکرێت.
ساڵی 1991 کاتێک بووشی باوک لەسەر حوکم بوو، هانی خەڵکی عێراقیدا دژی رژێمەکەی سەدام راپەڕن، خەڵک راپەڕی، لە کوردستان هەموو شارەکان ئازادکران و کەمێکی کەرکوک مایەوە، لە خوارووی عێراقیش راپەڕینی شەعبانی دەستی پێکردو هەموو پارێزگاکان لەدەست رژێمەکەی سەدام سەندرایەوە.
ئەو رژێمە زەبەلاحە لە گیانەڵادا بوو، خەریک بوو تەواو هەموو شتێکی لەدەست بچێت، بەڵام ئەمریکا لەژێر چادرەکەی سەفوان لەگەڵ سوپای عێراق رێکەوت و دەستی سەدام کرایەوە بە کۆپتەرو دەبابە خۆپیشاندانەکانی سەرکوت کرد.
ساڵ دوای ساڵ هات و هەموو سەرۆکەکانی ئەمریکا هەر هەمان هەڵوێستیان دەربڕی، هەرلایەکیش گورزی لەکورد بوەشاندایە ئەوان تەنیا نیگەرانیان دەردەبڕی.
شەوی 3ی ئازاری 2022 ماڵی شێخ باز بەرزنجی سەرمایەداری دیار بە موشەکی بالیستی کرایە ئامانج، سوپای پاسداران رایگەیاند ئەوان هێرشەکەیان کردووە، وەک هەموو جارێک ئەمریکا نیگەران بوو.
شوێنی موشەکەکان کیلۆمەترو شتێک لە کونسوڵخانە نوێیەکەی ئەمریکاوە دوور بوو، ئەمریکا قوڕو قەپ هیچی نەوت، توندترین هەڵوێستی ئەوە بوو سەرمایدارێکی ئێرانی خستە لیستی رەشەوە.
ئەو کات شێخ باز و خانەوادەکەی بەڕێکەوتێکی سەیر رزگاریانبوو.
هەمان سیناریۆ رۆژی 15ی ئەم مانگە دووبارە بووەوە، بەهەمان شێوەو لەهەمان ناوچە و بەهەمان جۆرە موشەک هێرش کرایە سەر ماڵی پێشڕەو دزەیی، پێشڕەو دزەیی و ژینای کچی گیانیان بەخشی و خێزانەکەیی و دوو کوڕەکەی بریندار بوون.
ئاگری ماڵەکەی پێشڕەو دزەیی لەکونسوڵخانەوە دیاربوو، بەڵام کونسوڵخانە مادام بەر خۆیان نەکەوتووە، ئەوەتا لە راگەیاندراوەکەیاندا دەڵێن بۆ ئێمە نەبووە.
تەون و داوەکانی ئەم رووداوانە ئاڵۆزن، هەرجارێک ئێران گورزێک دەوەشێنێت هەندێ خەڵک دەڵێن ئەمریکا پێشتر ئاگادارە، ئەمانە هەمووی گومانن، بەڵام خۆ بیرتانە ترەمپ خۆی بە ئاشکرا وتی: ئێرانییەکان پێیان وتم موشەکتان تێ دەگرین، بەڵام ناهێڵین زیان بەر ئێوە بکەوێت، ئێوەش هیچ مەڵێن.