نەگونجاو بوون

20 هەزار تۆن کەلوپەل رەوانەی تورکیا کراوەتەوە

شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

لە ماوەی یەک ساڵدا نزیکەی 20 هەزار تۆن کەرەستە لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل دەرنەچوون.

دەروازەی سنووری ئیبراهیم خەلیل لە زاخۆەوە هەرێم و تورکیا بەیەکەوە دەبەستێتەوە، رۆژانە بە سەدان بارهەڵگری جیاجیا کەرەستە دێنە ناوخۆ، رێژەی هەرە زۆری ئەو کەرەستانە خۆراک و مۆبیلیاتن.

لە سەرەتای ساڵی 2023 تا 31.12.2023 نزیکەی 20 هەزار تۆن کەرەستەی جیاجیا لە دەروازەکە رێگەیان پێ نەدرا بێنە هەرێم و هەموویان دووبارە گەڕێندراونەتەوە تورکیا.

سەرچاوەیەک لە بەرێوەبەڕایەتیی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل بۆ 964 وتی: “هەموو ئەو کەرەستانە لەگەڵ رێنماییەکانمان نەدەگونجان، بۆیە رێگەمان پێ نەدان، زۆربەی کەرەستەکان خۆراک و کەرەستەی تەندروستی و مۆبیلیات بوون”.

سەرچاوەکە وتیشی: کەرەستەی خۆراکی بەهیچ شێوەیەک نایەتە ژوورەوە، ئەگەر ماوەی بەسەرچوون و رێنمایی بە زمانی عەرەبی لەسەر نەنووسرابێت، ئەو کەرەستانە بەوجۆرە بوون، بۆیە رێگەمان پێنەدان.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا